فەرەنسا داوای کۆبوونەوەی بەپەلەی ئەنجوومەنی ئاسایش دەکات
ژان نۆێل بارۆ، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا، لە پلاتفۆرمی "X"ـەوە ڕایگەیاند، وڵاتەکەی داوای کۆبوونەوەیەکی بەپەلەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی کردووە، ئەمەش دوای ئەو رووداوە مەترسیدارانەی کە رووبەڕووی سەربازانی ئاشتیپارێزی سەر بە هێزەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان (یۆنیفیڵ) بوونەتەوە لە باشووری لوبنان.
سێشەممە 31ـی ئاداری 2026، ژان نۆێل بارۆ، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا بە توندی سەرکۆنەی ئەو هێرشانەی کرد کە لە رۆژانی یەکشەممە و دووشەممەدا بوونە هۆی کوژرانی 3 ئەندامی هێزەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە لوبنان، ئاماژەی بەوەشکرد، پاریس سەرکۆنەی ئەو رووداوە مەترسیدارانە دەکات کە رووبەڕووی ئەندامانی هێزی فەرەنسی لە یۆنیفیڵ بووەتەوە لە ناوچەی ناقورە".
وەزیری دەرەوەی فەرەنسا جەختی کردەوە، ئەم پێشێلکارییە ئەمنییانە و کردەوەکانی ترساندن لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە بەرانبەر بە کارمەندانی نەتەوە یەکگرتووەکان، کارێکی قبوڵنەکراوە، بە تایبەت لە کاتێکدا هێزە نێودەوڵەتییەکان پابەندی یاساکانی شەڕ بوون.
وەزیری دەرەوەی فەرەنسا ئاماژەی بەوەش کرد، ئەم هەڵوێستە توندەی وڵاتەکەیان بە فەرمی بە ئیسرائیل گەیاندووە و داوای لە هەموو لایەنەکان کرد کە رێز لە سەلامەتی و پارێزگاریی ئەندامانی نەتەوە یەکگرتووەکان بگرن.