عێراق تەنها یەک هەنگاو لە خەونە 40 ساڵیەکەی دوورە
یاریزانانی هەڵبژاردەی عێراق کۆتاییان بە ئامادەکارییەکانیان بۆ یارییە چارەنوسازەکەی بەرامبەر هەڵبژاردەی بۆلیڤیا هێنا، کە بڕیارە بەرەبەیانی چوارشەممە 1ـی نیسانی 2026 رووبەڕووی هەڵبژاردەی بۆلیڤیا ببێتەوە.
نزیکەی 40 ساڵ لەمەوبەر لە مۆندیالی 1986ـی مەکسیک بوو، هەڵبژاردەی عێراق بۆ جاری یەکەم و کۆتایی بەشداری مۆندیالی کرد، ئێستا دوای ئەوەندە ساڵە، یاریزانەکانی ئەو هەڵبژاردەیە ئامانجیانە دوای ساڵانێکی زیاد، جارێکی دیکە لە مەکسیک بەشداری مۆندیال بکەنەوە.
سەرەڕای ئەو بارودۆخە قورسە لە ناوچەکە دروستبووە، بەڵام شاندی هەڵبژاردەی عێراق توانی لە رێگەی عەمان پایتەختی ئوردنەوە خۆی گەیاندە مەکسیک و ماوەیەکیشە لەو وڵاتە ئامادەکاری بۆ یارییەکەی بەرامبەر بولیڤیا دەکات.
شێرەکانی رافیدەین تەنها ئەو چانسەیان ماوە، بۆ ئەوەی خەونە 40 ساڵیەکەیان بکەنە راستی، لە ئەگەری شکست لەو یارییە هیچ هیوایەکی دیکەیان بۆ گەیشتن بە مۆندیالی 2026 نامێنێت و دەبێت چوار ساڵی دیکە چاوەڕێ ئەو خەونەیان بکەن.
هەڵبژاردەی عێراق لە پاڵاوتنەکانی کیشوەری ئاسیا، چانسێکی باشی هەبوو بۆ بەدەستهێنانی یەکێک لە هەشت بلیتەکانی ئەم کیشوەرە، بەڵام چەند قۆناغێکی بە دوای یەک، نەیتوانی ئەو ئامانجەی بەدەست بهێنێت، بۆیە ناچار لە دوایین قۆناغ لە پاشکۆی پاڵاوتنەکانە هەوڵ بۆ ئامانجە 40 ساڵیەکەی دەدات.
بەرەبەیانی چوارشەممە یەکی نیسانی 2026 کاتژمێر شەش بە کاتی هەولێر، هەڵبژاردەی عێراق لە شاری مۆنتێری مەکسیک رووبەڕووی هەڵبژاردەی بۆلیڤیا دەبێتەوە، براوەی ئەو یارییە یەکێکی دیکە لە بلێتیەکانی مۆندیالی 2026 بەدەست دەهێنێت.