شیفا بارزانی لەگەڵ بەرهەم ساڵح کۆبوویەوە
سەرپەرشتیاری گشتیی رەوەندی کوردستانی لەلایەن کۆمیسیاری باڵای پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان پێشوازی لێ کرا، کە تێیدا میکانیزمەکانی پشتیوانیکردنیان لە پەنابەرانی کورد تاوتوێ کرد.
دووشەممە 30ی ئاداری 2026، بەرهەم ساڵح کۆمیسیاری باڵای پەنابەرانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان، پێشوازی لە شیفا بارزانی سەرپەرشتیاری گشتیی رەوەندی کوردستانیی کرد، پێکەوە تاوتوێی رەوشی پەنابەران و هەماهەنگییەکانی نێوان هەردوولایان کرد.
لە دیدارەکەدا، کە لە ئۆفیسی سەرەکیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە جنێڤ بەڕێوەچوو، سەرپەرشتیاری رەوەندی کوردستانی، پیرۆزباییی دەستبەکاربوونی پۆستە نوێیەکەی لە دکتۆر بەرهەم ساڵح کرد، دواتر بە وردی سەرنجیان خستە سەر بارودۆخی گشتیی پەنابەران و دۆزینەوەی میکانیزم و رێگەچارەی گونجاو بۆ هاوکاریکردنی پەنابەرانی کورد لە سەرتاسەری جیهاندا.
تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆ چڕ و گرنگەکانی نێوانیان بۆ ئەو کوردانەی بەهۆی ئاڵۆزی و ناسەقامگیرییەکانی بارودۆخی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە ئاوارە بوون و روویان لە وڵاتانی جیهان کردووە، تەرخان کرا، لەم رووەوە، کۆمیسیاری باڵای پەنابەران، جەختی لە بەردەوامیی پاڵپشتییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ تەواوی پەنابەرانی جیهان و بەتایبەتیش پەنابەرانی کورد کردەوە.
هەروەها ئومێدی خواست پەیوەندی و هەماهەنگییەکانی نێوان کۆنفیدراسیۆنی رەوەندی کوردستانی و کۆمیسیۆنی باڵای پەنابەران بەردەوام بێت، بە مەبەستی چاودێریکردن و ئاگاداربوون لە رەوشی ژیان و گوزەرانی پەنابەرانی کورد لە هەر کوێیەکی جیهان بن.
جێی باسە، ئەم دیدارە لە کاتێکدایە، کە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە قۆناغێکی هەستیار و پڕ لە ململانێدا تێدەپەڕێت، کە بووەتە هۆی سەرهەڵدانی شەپۆلێکی نوێی کۆچ و پەنابەری. وەرگرتنی پۆستی کۆمیسیاری باڵای پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان لەلایەن کەسایەتییەکی کوردەوە، وەک دەرفەتێکی گرنگ دەبینرێت بۆ زیاتر تیشکخستنە سەر قەیرانی پەنابەران لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و گەیاندنی دەنگی لێقەوماوان، لە بەرامبەریشدا، کۆنفیدراسیۆنی رەوەندی کوردستانی، لە ماوەی ڕابردوودا هەوڵەکانی چڕ کردووەتەوە بۆ ڕێکخستنەوەی تواناکانی ڕەوەندی کورد لە دەرەوە و دروستکردنی پردێکی پەیوەندیی بەهێز لەگەڵ ناوەندە بڕ یار بەدەستە جیهانییەکان، تاوەکوو باشتر داکۆکی لە مافەکانی ئەو کوردانە بکرێت، کە بە ناچاری زێدی خۆیان جێ هێشتووە.