ئەحمەد شەرع: سووریا نابێتە لایەن لە جەنگی ناوچەکە، مەگەر هێرشیان بکرێتە سەر
سەرۆکی سووریا، رایگەیاند کە وڵاتەکەی باجێکی یەکجار قورسی لە شەڕەکانی رابردوودا داوە و چیتر ئامادە نییە ببێتە گۆڕەپانی ململانێ، مەگەر بە شێوەیەکی راستەوخۆ هێرشی بکرێتە سەر. شەرع رەخنەی توندی لە دەستوەردانەکانی 40 ساڵەی ئێران لە سووریا گرت و جەختی کردەوە کە پاراستنی سنوورەکان و رێگریکردن لە قاچاخی چەک بۆ حزبوڵڵا، ئەرکی دەوڵەتی سووریایە.
ئەحمەد شەرع سەرۆکی سووریا، رایگەیاند، دەستوەردانی 40 ساڵەی ئێران لە سووریا یارمەتیدەری رژێمی پێشوو بوو بۆ ئاوارەکردنی گەلی سووریا. کێشەی ئێمە لەگەڵ ئێران لە تاران نییە، بەڵکوو لە دیمەشقە، چونکە ئەوان شار و گوندەکانی ئێمەیان داگیرکردووە و خەڵکیان دەربەدەر کردووە."
سەبارەت بە جەنگی ئێستای نێوان ئەمریکا و ئێران، سەرۆکی سووریا ئاماژەی بەوە کرد کە هەوڵەکانی تاران بۆ بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی و مووشەکی بالیستی کێشەی بۆ ناوچەکە دروست کردووە و گوتی: "ئێمە پێشنیازی دانوستان دەکەین نەک هێزی سەربازی، چونکە شەڕ مەترسییەکان گەورەتر دەکات. سووریا لە دەرەوەی ئەم ململانێیە دەمێنێتەوە، مەگەر لایەنێک راستەوخۆ هێرشمان بکاتە سەر." شەرع جەختی کردەوە کە گەلی سووریا تێری لە شەڕ خواردووە و ئێستا تەنیا خەریکی سارێژکردنی برینەکانی خۆیان و ئاوەدانکردنەوەن.
لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە گەیاندنی چەکی ئێرانی بۆ حزبوڵڵای لوبنان لە ڕێگەی خاکی سووریاوە، ئەحمەد شەرع گوتی: "ئەرکی سووریایە سنوورەکانی بپارێزێت. هیچ دەوڵەتێک رێگە نادات سنوورەکانی واڵا بن و چەکی تێدا قاچاخ بکرێت."
لەسەر ئاستی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئیسرائیل، سەرۆکی سووریا ئاماژەی بەوە کرد کە ئیسرائیل هەمیشە بە شێوەیەکی نەرێنی مامەڵەی لەگەڵ سووریا کردووە و رێککەوتننامەی 1974ی پێشێل کردووە. ئەو ئاشکرای کرد کە پێشتر هەوڵی گفتوگۆی راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆیان داوە و گەیشتبوونە خاڵی باش، بەڵام ئیسرائیلییەکان لە کۆتا ساتدا پەشیمان بوونەتەوە.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، شەرع باسی لە رابردووی خۆی لە ناو قاعیدە کرد و رایگەیاند، "من لەگەڵ سیاسەتەکانی قاعیدە هاوڕا نەبووم، ئەگەر قایل بوومایە لەگەڵیان بەردەوام دەبووم. من بڕوام وایە کارەکانی ئەوان خزمەت بە بەرژەوەندیی خەڵک ناکات، بۆیە رێڕەوێکی سیاسیی جیاوازم هەڵبژارد و باجەکەشم دا."
سەرۆکی سووریا هاوسۆزیی خۆی بۆ گەلی غەززە دەربڕی و رایگەیاند کە سووریا و غەززە یەکپارچەن لە خەمدا، بەڵام ئێستا سووریا لە قۆناغی بونیادنانەوەدایە و ناتوانێت بچێتە ناو هیچ سەرکێشییەکی نوێی سەربازییەوە کە ئایندەی وڵاتەکە بخاتە مەترسییەوە.