کۆشکی سپی داوای بودجەی 1.5 ترلیۆن دۆلاری بۆ بەرگری دەکات

کۆشکی سپی،پێشنیازێکی ئاراستەی کۆنگرێس کرد بۆ تەرخانکردنی 1.5 ترلیۆن دۆلار وەک بودجەی بەرگریی ساڵی داهاتوو، کە بە گەورەترین بازدانی خەرجییە سەربازییەکانی ئەمریکا لە دوای جەنگی جیهانی دووەمەوە دادەنرێت. ئەم داواکارییە وەک وەڵامێکی راستەوخۆ بۆ تێچووە یەکجار زۆرەکانی ئۆپەراسیۆنی "تووڕەیی داستانئاسا" لە دژی ئێران و پڕکردنەوەی پێداویستییە تەکنۆلۆژی و لۆجستییەکانی سوپای ئەمریکا دەبینرێت،

هەینی 3ـی نیسانی 2026، کۆشکی سپی پێشنیازێکی نوێی خەرجییەکانی رەوانەی کۆنگرێسی ئەمریکا کرد، تێیدا داوای تەرخانکردنی بڕی 1.5 ترلیۆن دۆلار وەک بودجەی بەرگری بۆ ساڵی داهاتوو دەکات. ئەم هەنگاوە وەک وەڵامێک بۆ تێچووە روو لە زیادبووەکانی جەنگی ئێران دێت و بە گەورەترین بازدانی بودجەی سەربازی لە مێژووی هاوچەرخی ئەمریکادا دادەنرێت.

بەگوێرەی راپۆرتە میدیاییەکانی ئەمریکا، ئەم زیادبوونە ساڵانەیەی بودجەی وەزارەتی جەنگی ئەمریکا (پێنتاگۆن)، بە گەورەترین هەڵکشانی خەرجییە سەربازییەکان لە دوای کۆتایی هاتنی جەنگی جیهانی دووەمەوە هەژمار دەکرێت. هەرچەندە بودجە پێشنیازکراوەکانی سەرۆکایەتی وەک لیستی ئاواتەکان تەماشا دەکرێن و پێویستیان بە رەزامەندی کۆتایی کۆنگرێس هەیە بۆ ئەوەی ببنە بڕیار، بەڵام قەبارەی داواکارییەکە رەنگدانەوەی ئەو بارگرانییە داراییە گەورەیەیە کە واشنتن بەهۆی ململانێیەکانەوە رووبەڕووی بووەتەوە.

لە دەقی بەڵگەنامە پێشکەشەکراوەکەی کۆشکی سپیدا هاتووە: "ئەم بودجەیە لەسەر بنەمای ئەو تۆمارە مێژووییەی ساڵی 2026 بنیات نراوە کە تێیدا بودجەی بەرگری گەیشتبووە 1 ترلیۆن دۆلار، بۆ ساڵی 2027یش داوای تەرخانکردنی 1.5 ترلیۆن دۆلار وەک سەرچاوەی بودجەی گشتی دەکرێت."

ئەم داواکارییە نوێیە بە واتای زیادکردنی 445 ملیار دۆلار دێت، کە دەکاتە گەشەیەکی 42% بەراورد بە ئاستی خەرجییەکانی ساڵی 2026. شارەزایان پێیان وایە ئەم زیادبوونە بێپێشینەیە پەیوەندییەکی راستەوخۆی بە پەرەسەندنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان و تێچووی لۆجستی و تەکنۆلۆژیی جەنگی ئێرانەوە هەیە کە کاریگەرییەکی قورسی کردووەتە سەر پلانی دارایی ویلایەتە یەکگرتووەکان.

چاوەڕوان دەکرێت ئەم پێشنیازە لە ناو کۆنگرێسی ئەمریکادا رووبەڕووی مشتومڕێکی توند ببێتەوە، بەتایبەت لەنێوان ئەو لایەنانەی کە پشتگیری لە بەهێزکردنی توانای سەربازی دەکەن و ئەو لایەنانەی کە نیگەرانن لە هەڵکشانی کورتهێنانی بودجە و زیادبوونی تێچووەکانی جەنگ لە دەرەوەی سنوورەکان.