کەشتییەکی فەرەنسی بە گەرووی هورمزدا تێپەڕی
داتاکانی چاودێریی کەشتیوانی ئاشکرایان کرد کە کەشتییەکی کۆنتێنەرهەڵگری فەرەنسی، بە سەرکەوتوویی بە گەرووی هورمزدا تێپەڕیوە، ئەمەش یەکەمین هەنگاوی لەو شێوەیەیە لە لایەن وڵاتێکی رۆژئاواییەوە لە دوای دەستپێکردنی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران لە کۆتایی مانگی شوباتەوە.
هەینی 3ـی نیسانی 2026، بەگوێرەی زانیارییەکانی "MarineTraffic"، کەشتیی "CMA CGM Crepe" کە خاوەندارێتییەکەی بۆ گرووپی (CMA CGM)ی فەرەنسی دەگەڕێتەوە و ئاڵای ماڵتای هەڵگرتووە، رۆژی پێنجشەممە بە گەرووی هورمزدا تێپەڕیوە. ئەمە لە کاتێکدایە کە ئەو ڕێڕەوە ئاوییە ستراتیژییە، کە پێش جەنگ یەک لەسەر پێنجی نەوت و غازی جیهانی پێدا دەگوازرایەوە، بەهۆی ململانێ سەربازییەکانەوە بە تەواوەتی بەڕووی کەشتیوانیدا داخرابوو.
زانیارییەکانی گرووپی بۆرسەی لەندەن دەریدەخەن کە کەشتییەکە پێش تێپەڕبوونی بە ناو ئاوە هەرێمییەکانی ئێراندا، تەکتیکێکی تایبەتی بەکارهێناوە و شوێنی مەبەستی خۆی بۆ خاوەنەکەی فەرەنسییە گۆڕیوە. ئەم هەنگاوە هاوشێوەی ئەو تەکتیکەیە کە پێشتر کەشتییە چینییەکان بەکاریان دەهێنا بۆ نیشاندانی بێلایەنییان و پاراستنی گەشتەکانیان لە ناوچەی ململانێدا. کەشتییە فەرەنسییەکە کە لە بنەڕەتدا بەرەو کۆنگۆ بەڕێوە بوو، بەبێ هیچ ئاستەنگێکی سەربازی توانیویەتی گەرووەکە ببڕێت.
ئەم ڕووداوە هاوکاتە لەگەڵ لێدوانە نوێیەکانی ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا، کە تێیدا جەختی لەوە کردەوە کە کردنەوەی گەرووی هورمز بە هێزی سەربازی کارێکی نا لۆژیکییە. ماکرۆن رایگەیاندبوو، "ئەم ڕێڕەوە دەبێت بکرێتەوە، بەڵام ئەمە تەنیا لە رێگەی گفتوگۆ و راوێژ لەگەڵ ئێراندا دەکرێت".
لە کاتێکدا نە کۆمپانیای خاوەن کەشتییەکە و نە کۆشکی ئەلیزێ هیچ لێدوانێکی فەرمییان لەسەر چۆنیەتی هەماهەنگییەکە نەداوە، بەڵام دیپلۆماتکارە فەرەنسییەکان لە نەتەوە یەکگرتووەکان کار بۆ نەرمکردنەوەی ئەو پڕۆژە بڕیارانە دەکەن کە سزای توند بەسەر گەرووی هورمزدا دەسەپێنن.