ئەکسیۆس: ئێران بۆ یەکەمجار لە سەرەتای جەنگەوە فڕۆکەیەکی جەنگی ئەمریکای خستە خوارەوە
میدیا فەرمییەکانی ئێران و سەرچاوەیەکی ئاگادار لە ڕووداوەکە بە ئەکسیۆسی راگەیاندووە، هێزە بەرگرییەکانی ئێران فڕۆکەیەکی جەنگیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکایان تێک شکاندووە و خستوویانەتە خوارەوە. لە ئێستاشدا هەڵمەتێکی چڕی گەڕان و رزگارکردن بۆ دۆزینەوەی دوو ئەندامی تاقمی فڕۆکەکە دەستی پێکردووە.
ئەم رووداوە وەرچەرخانێکی مێژوویی و مەترسیدارە لە ململانێی نێوان هەر دوو وڵاتدا، چونکە ئەمە دەبێتە یەکەمین جار لە سەرەتای هەڵگیرسانی جەنگەکەوە کە فڕۆکەیەکی جەنگی ئەمریکی راستەوخۆ لەلایەن هێزەکانی ئێران بخرێتە خوارەوە.
ئەمڕۆ هەینی 3ی ئاداری 2026، میدیاکانی ئێران چەند وێنە و ڤیدیۆیەکیان بڵاوکردەوە کە تێیدا پارچە تێکشکاوەکانی فڕۆکەکە و یەکێک لە کورسییەکانی بازدانی فڕۆکەوانەکە (ejection seat) دەردەکەون. بەگوێرەی شیکارییە سەرەتاییەکان بۆ وێنەکان، وا دەردەکەوێت فڕۆکە تێکشکاوەکە لە جۆری F-15 بێت، کە یەکێکە لە فڕۆکە جەنگییە سەرەکییەکانی هێزی ئاسمانی ئەمریکا.
تاوەکوو ئێستا، وەزارەتی جەنگی ئەمریکا (پێنتاگۆن) و کۆشکی سپی هیچ وەڵامێکی فەرمییان بۆ داواکاریی میدیاکان نەبووە و لێدوانیان لەسەر رووداوەکە نەداوە.
چاودێرانی سەربازی هۆشداری دەدەن کە خستنەخوارەوەی فڕۆکەیەک و ونبوونی دوو فڕۆکەوان، فشارێکی زۆر دەخاتە سەر ئیدارەی واشنتن بۆ وەڵامدانەوەی توند، ئەمەش مەترسی فراوانتربوونی بەرەی جەنگ و ئاڵۆزبوونی زیاتری دۆخی ناوچەکە زیاد دەکات.
هەروەها ئاژانسی هەواڵی "فارس"ی ئێرانی، ڕایگەیاند کە سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی وڵاتەکەی فڕۆکەیەکی جەنگیی ئەمریکای لە ئاسمانی ناوەڕاستی ئێران خستووەتە خوارەوە. بەپێی هەواڵەکە، هێزە ئەمنییەکان ئۆپەراسیۆنێکی بەرفراوانیان بۆ دۆزینەوە و دەستگیرکردنی فڕۆکەوانەکە دەستپێکردووە و پاداشتی داراییان بۆ هەر هاووڵاتییەک دیاریکردووە کە هاوکار بێت لە گرتنی سەربازە ئەمریکییەکاندا.