سێنتکۆم: زیاتر لە 13 هەزار ئامانجمان لە ئێران پێکاوە

فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم)، نوێترین ئامار و وردەکارییەکانی ئۆپەراسیۆنی "تووڕەیی داستانئاسا" (Operation Epic Fury) بڵاو کردەوە، کە تێیدا ئاستی وێرانکارییەکانی ژێرخانی سەربازیی ئێرانی لە ماوەی پێنج هەفتەی رابردوودا خستووەتە ڕوو. ئەم ئۆپراسیۆنە کە لە 28ی شوباتی 2026 بە فەرمانی سەرۆکی ئەمریکا دەستیپێکرد، ئامانج لێی هەڵوەشاندنەوەی دەزگا ئەمنییەکانی ئێرانە".

بەگوێرەی داتاکانی سێنتکۆم تاوەکو رێکەوتی 6ـی نیسانی 2026، هێزەکانی ئەمریکا توانیویانە زیاتر لە 13,000 ئامانج لە نێو خاکی ئێراندا بپێکن. هاوکات لە کەرتی دەریاییدا، زیاتر لە 155 کەشتی و ژێردەریایی ئێرانی بە تەواوەتی تێکشکێنراون یان زیانی قورسیان بەرکەوتووە، کە ئەمەش نیشانەیەک بۆ لەدەستدانی باڵادەستیی دەریایی ئێران لە ناوچەکەدا.

راپۆرتەکە ئاشکرای دەکات کە هێزە ئەمریکییەکان جەختیان کردووەتە سەر ئەو شوێنانەی هەڕەشەی دەستبەجێ بوون. گرنگترین جۆری ئامانجەکان بریتین لە:

ناوەندەکانی فەرماندەیی و کۆنترۆڵ و بارەگاکانی سوپای پاسداران (IRGC).
پێگە هەواڵگرییەکان و سیستەمە بەرگرییە ئاسمانییەکان.
بنکە مووشەکییە بالیستییەکان و کارگەکانی دروستکردنی درۆن و مووشەک.
بۆنکەرەکانی کۆگاکردنی چەک و تەقەمەنی و ژێرخانی پشتیوانیی سەربازی.
ئۆپراسیۆنی "تووڕەیی داستانئاسا" بە یەکێک لە گەورەترین ئۆپەراسیۆنە هاوچەرخەکان دادەنرێت، کە تێیدا ئەمریکا پێشکەوتووترین تەکنۆلۆژیای سەربازیی خۆی بەکارهێناوە، لەوانەش:

فڕۆکەکانی وەک (F-35, F-22, B-2، B-1, B-52)، لەگەڵ درۆنی MQ-9 و فڕۆکەی جەنگی ئەلیکترۆنی؛ هەروەها حاملەی فڕۆکەی ئەتۆمی، ژێردەریایی ئەتۆمی، و کەشتییە تێکشکێنەرەکانی هەڵگری مووشەکی ئاڕاستەکراو.

سیستەمەکانی پاتریۆت و تاد (THAAD) بۆ بەرپەرچدانەوەی مووشەکەکان، لەگەڵ سیستەمی مووشەکیی هایمارس (HIMARS).

ئەم ڕاپۆرتەی سێنتکۆم لە کاتێکدایە کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، مۆڵەتی کۆتایی بۆ تاران دیاری کردووە و جەختی کردووەتەوە کە ئەگەر ئێران پابەندی مەرجەکان نەبێت، قۆناغی داهاتووی ئۆپەراسیۆنەکە زۆر وێرانکەرتر دەبێت و ئامانج لێی پەکخستنی تەواوەتیی وڵاتەکە دەبێت لە یەک شەودا.