سیناتۆرێکی ئەمریکی: لیوایەکی تۆپخانەی مەیدانی لە ئارکانساسەوە بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست رەوانە دەکرێت

تۆم کەتن، سیناتۆری ویلایەتی ئارکانساس لە ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا، رایگەیاند، هێزەکانی لیوای 142ـی تۆپخانەی مەیدانی سەر بە ویلایەتەکەیان، بەرەو ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەڕێکەوتن.

سێشەممە 7ـی نیسانی 2026، تۆم کەتن، سیناتۆری ویلایەتی ئارکانساس لە ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا لە هەژماری فەرمی خۆی لە پلاتفۆرمی ئێکس نوسیوویەتی: "ئەمڕۆ پیاوان و ئافرەتانی ئازای لیوای 142ـی تۆپخانەی مەیدانیی ئارکانساس، ویلایەتەکەیان بەرەو رۆژهەڵاتی ناوەڕاست جێهێشت."

ئەو سیناتۆرە ئەمریکییە سوپاسی خزمەتی ئەو سەربازانەی کرد و دەڵێت: "ئارکانساس سوپاسگوزاری خزمەتەکەیانە، داواکارین خودا بییانپارێزێت."

ناردنی ئەم هێزە زەبەلاحەی تۆپخانە لە کاتێکدایە، ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەهۆی ئاڵۆزییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران لە دۆخێکی هەستیاری جەنگیدایە و واشنتن بەردەوامە لە ناردنی هێزی زیاتر بۆ ناوچەکە، هاوکات ئێرانیش وەکوو وەڵامێک بۆ هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بەردەوامە لە بۆردومان کردنی وڵاتانی کەنداو و هەرێمی کوردستان بە بیانووی هەبوونی بنکە و بارەگای هێزەکانی ئەمریکا و بەرژەوەندییەکانی لە ناوچەکە.