سوپای ئیسرائیل: هێرشێکی ئاسمانیی بەرفراوانمان بۆ سەر تاران و چەند ناوچەیەکی ئێران ئەنجامدا
سوپای ئیسرائیل بە فەرمی رایگەیاند، کەمێک لەمەوبەر هێرشێکی ئاسمانیی بەرفراوان و چڕیان بۆ سەر ژێرخانەکانی ئێران لە تاران و چەند ناوچەیەکی دیکەی ئەو وڵاتە کۆتایی پێ هێناوە.
سێشەممە 7ـی نیسانی 2026، لە راگەیەندراوێکدا سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، فڕۆکە جەنگییەکانیان مەلبەند و ژێرخانە ستراتیژییەکانی ئێرانیان لە پایتەخت و چەند شوێنێکی دیکەی ناو خاکی ئێران کردووەتە ئامانج.
بەگوێرەی راگەیەندراوەکە، ئۆپەراسیۆنە ئاسمانییەکە ئامانجەکانی خۆی پێکاوە و هێرشەکان بە وردی داڕێژرابوون بۆ لێدانی توانا سەربازی و ژێرخانییەکانی ئێران.
سوپای ئیسرائیل ئاماژەی بەوەش کردووە، لە کاتژمێرەکانی داهاتوودا وردەکاری زیاتر دەربارەی قەبارەی زیانەکان و جۆری ئەو شوێنانەی کراونەتە ئامانج بڵاودەکەنەوە.
ئەم هێرشە راستەوخۆیانەی ئیسرائیل بۆ سەر تاران، نیشانەی پەرەسەندنی گرژییەکانی نێوان هەردوو وڵاتە لە چوارچێوەی ئەو جەنگە فراوانەی کە ناوچەکەی گرتووەتەوە.