وۆڵ ستریت جۆرناڵ: دانوستانکاران بێئومێدن لە کردنەوەی گەرووی هورمز

رۆژنامەی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ بڵاوی کردەوە، دانوستانکاران گەشبین نین بەوەی ئێران داواکەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، بۆ کردنەوەی گەرووی هورمز پێش وادەی دیاریکراو جێبەجێ بکات.

سێشەممە 7ـی نیسانی 2026، بە گوێرەی ڕاپۆرتی رۆژنامەی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ، ئەو وادەیەی کە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا بۆ ئێرانی دیاری کردووە، ئەمشەو سێشەممە کۆتایی دێت، لەم بارەیەوە دانوستانکاران ئاماژە بەوە دەکەن، هیچ ئاماژەیەک نییە بۆ ئەوەی تاران پاشەکشە بکات و گەرووەکە بکاتەوە.

وۆڵ ستریت جۆرناڵ جەخت دەکاتەوە، تێپەڕبوونی ئەم وادەیە بەبێ رێککەوتن، رێگە خۆش دەکات بۆ ئەوەی هێزەکانی ئەمریکا قۆناغێکی نوێی هێرشەکان دەست پێ بکەن، ئاشکراشی کردووە، ئەمجاریان ئامانجی هێرشەکان بریتین لە پردەکان و وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا لە ناوخۆی ئێراندا.

ئەم پەرەسەندنە مەترسییەکانی جەنگێکی گشتگیر لە ناوچەکەدا زیاتر دەکات، بەتایبەت کە واشنتن هەڕەشەی لێدانی ژێرخانە مەدەنی و خزمەتگوزارییەکانی ئێران دەکات وەک فشارێک بۆ کۆتاییهێنان بە داخستنی گەرووی هورمز.