بردنەوەی ریاڵ مەدرید بەرامبەر بایرن میونشن لە بەرژەوەندی بارسێلۆنایە
رکابەری نێوان هەردوو جەمسەرەکەی ئیسپانیا واتە ریاڵ مەدرید و بارسێلۆنا گەیشتووەتە لوتکە، ئەو دوو یانەیە لە خولی ئیسپانیا رکابەری بەدەستهێنانی ناسناوەکە دەکەن، سەرەڕای ئەوەی یانە شاهانەکە بە جیاوازی 7 خاڵ لە دوای بلاوگرانای پێشەنگ دێت، بەڵام هاندەرانی یانەکەی ئومێدیان بە ناسناوەکە ماوە.
یانەکانی ریاڵ مەدرید و بارسێلۆنا بێجگە لە ناسناوی خولی ئیسپانیا، لە چامپیۆنزلیگیش دوو رکابەری بەهێزن بۆ بەدەستهێنانی ناسناوەکە، یانە مەدریدییەکە لە قۆناغی چارەکی کۆتایی رووبەڕووی بایرن میونشن دەبێتەوە و یانە کەتەلۆنیەکەش لەم قۆناغە رووبەڕووی یانەی ئاتلێتیکۆ مەدرید دەبێتەوە.
بارسێلۆنا بەهۆی جیاوازییە زۆرەکەی لە ریزبەندی خولی ئیسپانیا، رەنگە لەژێر فشارێکی کەمتر بێت و بە پێچەوانەوە ریاڵ مەدرید بەهۆی دواکەوتنی لە ریزبەندەکە فشارێکی زیاتری لەسەرە. هەروەها لە ئەگەری سەرکەوتنی یانە شاهانەکە بەرامبەر یانە ئەڵمانیەکە، ئەو کاتە رەنگە رێگەی بارسا بۆ بەدەستهێنانی خولی نێوخۆیی ئاسانتر بکات.
ئەگەر ریاڵ مەدرید بتوانێت لە هەردوو یاری چوون و گەڕانەوە بەرامبەر بایرن میونشن براوە بێت و سەرکەوێت بۆ قۆناغی پێشکۆتایی، ئەو کاتە فشارێکی دەروونی زیاتریان لەسەر دەبێت و رەنگە ئەو کاتە خولی ئیسپانیا بکەنە قوربانی لە پێناو بەدەستهێنانی ناسناوی چامپیۆنزلیگ.