لە ئەنجامی کەوتنەخوارەوەی مووشەکێک لە بەسرە؛ 3 کەس گیانیان لەدەست دا

لە ئەنجامی کەوتنەخوارەوەی مووشەکێکی نادیار لە ناوچەی خورزبێر لە سنووری پارێزگای بەسرە، سێ هاووڵاتی گیانیان لەدەست دا و چەندین کەسی دیکە بریندار بوون، لە کاتێکدا تیمەکانی فریاگوزاری توانییان منداڵێک لەژێر داروپەردوی خانووەیەکی وێرانبوودا بە زیندوویی رزگار بکەن.

سێشەممە، 7ـی نیسانی 2026، فەرماندەیی پۆلیسی پارێزگای بەسرە لە راگەیەنراوێکی فەرمیدا رایگەیاند، کاتژمێر 5:45ـی ئێوارە، مووشەکێک لە ناوچەیەکی نیشتەجێبوون  لە سنووری "خورزبێر" کەوتووەتە خوارەوە. 

بە پێی ئامارە فەرمییەکان، لە ئەنجامی ئەم هێرشەدا سێ هاووڵاتی گیانیان لەدەست داوە و ژمارەیەکی دیکەش بریندار بوون.

هەروەها بە گوێرەی زانیارییەکان، تیمەکانی بەرگریی شارستانی و فریاگوزاری دەستبەجێ گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکە و توانیویانە منداڵێک کە لەژێر داروپەردووی خانووەیەکی وێرانبوودا گیرا بوو، بە زیندوویی رزگار بکەن.

لەم بارەیەوە، عەلی عەبادی، سەرۆکی رێکخراوی مافی مرۆڤ لە بەسرە، لە لێدوانێکدا بۆ "کوردستان24" جەختی کردەوە کە هەرچەندە سەرچاوەی هێرشەکە تا ئێستا بە تەواوەتی روون نییە، بەڵام بە پێی بەدواداچوونەکان پێنج کەس بوونەتە قوربانی و چەندین منداڵ لە نێو بریندارەکاندا هەن، کە ئەمە وەک "پێشێلکارییەکی مرۆیی قورس" وەسف دەکرێت.

لە رووی سیاسی و ئەمنییەوە، تاوەکوو کاتی ئامادەکردنی ئەم هەواڵە، هیچ لایەنێکی فەرمی بەرپرسیارێتیی هێرشەکەی لەئەستۆ نەگرتووە.

بەڵام میدیاکانی سەر بە گرووپە چەکدارەکان لە عێراق، وڵاتی کوەیتیان بە ئەنجامدانی هێرشەکە تۆمەتبار کردووە. لە بەرانبەردا، حکوومەتی کوەیت تا ئێستا هیچ لێدوانێکی فەرمی لەم بارەیەوە نەداوە و راستیی ئەو تۆمەتانەی پشتڕاست نەکردووەتەوە.