یسرائیل کاتز: جەنگی حزبوڵڵا لەگەڵ ئێران جیاوازە و ئێستا نۆرەی نەعیم قاسم هاتووە
یسرائیل کاتز، وەزیری بەرگری ئیسرائیل رایگەیاند، هێرشە بەرفراوانەکانی ئەمڕۆ بۆ سەر لوبنان وەڵامێک بووە بۆ هێرشەکانی حزبوڵلای لوبنان بۆ سەر ئیسرائیل و جەختی کردەوە، پێشتر هۆشدارییان دابوو کە حزبوڵڵا باجێکی قورس دەدات.
چوارشەممە 8ـی نیسانی 2026، یسرائیل کاتز، وەزیری بەرگری ئیسرائیل لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا گوتی: "پێداگیرین لەسەر جیاکردنەوەی جەنگی ئێران لە جەنگی ناو لوبنان، ئەوەش لە پێناو نەهێشتنی هەڕەشەکان لەسەر باکووری ئیسرائیل.
وەزیری بەرگری ئیسرائیل هەڕەشەی لە ئەمینداری گشتی حزبوڵڵاش کرد و گوتی: "هۆشداریمان دابووە نەعیم قاسم کە حزبوڵڵا باجێکی قورس دەدات لەبەرامبەر هێرشکردنە سەر ئیسرائیل لە جیاتی ئێران، بۆیە دڵنیابن نۆرەی ئەویش نەعیم قاسم دێت، ئاماژەی بەوەش کرد، سەدان ئەندامی حزبوڵڵا لە گەورەترین گورزدا لە ناو بارەگاکانیان کراونەتە ئامانج.
سوپای ئیسرائیل ئەمڕۆ چوارشەممە، توندترین شەپۆلی هێرشی ئاسمانی بۆ سەر لوبنان دەستپێکرد کە هەموو شارەکان و بەیروتی پایتەختیشی گرتەوە، تەنها لە ماوەی 10 خولەکدا 100 هێرشی ئاسمانی ئەنجامدرا.
سوپای ئیسرائیل دەڵێت ئەم پلانە لەسەر بنەمای زانیاری وردی هەواڵگری بووە و یەکەکانی سەربازیی و سەکۆی مووشەکی و درۆنەکانی حزبوڵڵایان کردووەتە ئامانج.
لە لایەکی دیکەوە، حکوومەتی لوبنان رایگەیاند، بەهۆی ئەم بۆردومانە چڕەوە سەدان کەس کوژراون و بریندار بوون، هەروەها تیرۆرکردنی سادق نابلسی یەکێک لە سەرکردەکانی حزبوڵڵای راگەیاند.
لە بارەی زیانەکانی ئەو هێرشەوە، راکان ناسرەدین، وەزیری تەندروستی لوبنان، ئاماژەی بەوە کرد، ژمارەی قوربانییەکان زۆرە و نەخۆشخانەکانی وڵاتەکە بەهۆی زۆری بریندارەکانەوە چیتر جێگەیان نەماوەتەوە.