ئیسرائیل لە راگەیاندنی ئاگربەست تووڕەیە

رۆژنامەی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ"ی ئەمریکی بڵاویکردەوە، حکوومەتی ئیسرائیل ناڕەزایەتی و تووڕەیی توندی بەرامبەر بە رێککەوتنی ئاگربەستی نێوان واشنتن و تاران دەربڕیوە، چونکە تەلئەڤیڤ بە هیچ شێوەیەک بەشداری لەو دانوستانانەدا نەکردووە.

بەگوێرەی زانیارییەکانی رۆژنامەکە، ئیسرائیل تەنها لە کۆتا ساتەکاندا و پێش راگەیاندنی فەرمی ئاگربەستەکە، لە رێگەی پەیوەندییەکی تەلەفۆنییەوە لە نێوان دۆناڵد ترەمپ و بنیامین نەتانیاهۆ لە ناوەڕۆکی رێککەوتنەکە ئاگادار کراوەتەوە.

سەرچاوەکان ئاماژە بەوە دەکەن، مەرجەکانی رێککەوتنەکە، بە تایبەت ئەگەر باسی لوبنانی تێدا بێت، بە دڵی ئیسرائیل نییە و ئەوەش وایکردووە نیگەرانییەکی زۆر لە ناوەندە بڕیاربەدەستەکانی تەلئەڤیڤ دروست بێت.

ئەم ئاگربەستە دوای ئەوە دێت، ئەمریکا و ئێران بە نێوەندگیری پاکستان گەیشتنە رێککەوتن بۆ راگرتنی جەنگ بۆ ماوەی دوو هەفتە.

 دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا، درەنگانی شەوی سێشەممە رێککەوتنەکەی راگەیاند، ئەوەش تەنها دوو کاتژمێر پێش تەواوبوونی ئەو مۆڵەتەی کە بۆ ئێرانی دانابوو تاوەکوو گەرووی هورمز بکاتەوە، یان رووبەڕووی لەناوبردنی تەواوی شارستانییەتەکەی ببێتەوە.