بە تۆمەتی هێرشکردنە سەر کونسوڵخانەی ئیسرائیل 198 کەس لە تورکیا دەستگیرکران
وەزیری دادی تورکیا رایگەیاند، دوای هێرسەکەی سەر کونسوڵخانەی ئیسرائیل، هێزە ئەمنییەکانی تورکیا هەڵمەتێکی بەرفراوانیان لە سەرانسەری ئەو وڵاتەدا دەستپێکرد و 198 کەسیان دەستگیرکرد.
چوارشەممە 8ـی نیسانی 2026، ئاکین گورلیک، وەزیری دادی تورکیا، لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "X" رایگەیاند، هێزە ئەمنییەکان 198 کەسی گومانلێکراویان لە ئۆپراسیۆنێکی هاوکاتدا لە 34 پارێزگای جیاواز دەستگیرکردووە، ئاماژەی بەوەش کردووە، ئۆپراسیۆنەکە دژی رێکخراوی تیرۆریستی "داعش" بووە.
رۆژی سێشەممە، لەبەردەم باڵەخانەی کونسوڵخانەی ئیسرائیل لە ئەستەنبوڵ شەڕە تەقە لە نێوان پۆلیس و چەند چەکدارێکدا روویدا، لە ئەنجامدا چەکدارێک کوژرا و دوو چەکداری دیکەش بریندار بوون، هەروەها دوو پۆلیسی تورکیا لە کاتی ئەرکەدا بە سووکی بریندار بوون.
وەزارەتی دادی تورکیا ئاشکرای کردووە، 12 کەس لە دەستگیرکراوەکان بڕیاری زیندانیکردنیان بۆ دەرچووە، لە نێویاندا ئەو دوو چەکدارە بریندارە هەن کە ئێستا لە نەخۆشخانە لەژێر چارەسەردان.
تاوەکو ئێستا هیچ لایەنێک بە فەرمی بەرپرسیارێتی هێرشەکەی نەگرتووەتە ئەستۆ، بەڵام میدیاکانی تورکیا بڵاویانکردەوە، ئەو چەکدارەی کوژراوە پیاوێکی تەمەن 32 ساڵە و پەیوەندی بە داعشەوە هەبووە.
هەروەها وەزارەتی ناوخۆی تورکیا ئاماژەی بەوە کردووە، دوو چەکدارە بریندارەکە جگە لە پەیوەندییان بە "رێکخراوێکی تیرۆریستی داعش" پێشینەی کاری قاچاخچێتی ماددەی هۆشبەریشیان هەبووە.