واشنتن 12 فڕۆکەی هێرشبەر لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بڵاوەپێدەکات

ماڵپەڕی  ماتا کە تایبەتە بە کاروباری فڕۆکەوانی بڵاویکردەوە، پێنتاگۆن 12 فڕۆکەی هێرشبەری لە جۆری (A-10 Thunderbolt II) لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست جێگیرکرد، ئەمەش بەمەبەستی بەهێزکردنی توانای هێزی ئاسمانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا.

پێنشەممە 9ـی نیسانی 2026، بەگوێرەی زانیارییەکانی ماڵپەڕی  ماتا کە تایبەتە بە کاروباری فڕۆکەوانی، ئەم فڕۆکە جەنگییانە لە بنکەی ئاسمانیی "موفەق ئەلسەڵتی" لە وڵاتی ئوردن نیشتوونەتەوە، بە گەیشتنی ئەم فڕۆکانە، ئەمریکا ژمارەی ئەم جۆرە فڕۆکە هێرشبەرانەی لە ناوچەکەدا بۆ دوو هێندە زیاد کردووە.

ماڵپەڕەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەو فڕۆکانە پێشتر لە بنکەی ئاسمانیی "لیکنهێس" لە بەریتانیا بە شێوەیەکی کاتی جێگیر کرابوون دوای ئەوەی لە ئەمریکاوە گەیشتبوونە ئەوێ، هەروەها لە کاتی بڕینی زەریای ئەتڵەسی و گەشتەکەیاندا، فڕۆکە تانکەرەکان بۆ دابینکردنی سووتەمەنی لە ئاسماندا بەکارهێنراون.