رێککەوتنێکی "نهێنی'ـی حکوومەتی عێراق و حزبوڵڵا ئاشکرا دەکرێت
ماڵپەڕێکی ئەمریکی وردەکاریی رێککەوتنێکی نێوان حکوومەتی عێراق و کەتیبەکانی حزبوڵا ئاشکرا دەکات، بەپێی رێککەوتنەکە لە بەرانبەر ئازادکردنی رۆژنامەنووسێکی ئەمریکیدا 16 ئەندامی گرووپەکە لە زیندانەکان ئازادکراون.
پێنجشەممە، 09ـی نیسانی 2026، ماڵپەڕی "حوڕە"ـی ئەمریکی بڵاویکردەوە، حکوومەتی عێراق و کەتیبەکانی حزبوڵڵای عێراقی رێککەوتنێکیان کردووە بۆ ئازادکردنی شێلی کلیستۆن، رۆژنامەنووسی ئەمریکی، کە لـــە دوو رۆژی رابردوودا ئازاد کرا.
بەگوێرەی زانیارییەکانی ماڵپەڕەکە، حکوومەتی عێراق و حزبوڵڵا رێککەوتوون لە بەرانبەر ئازادکردنی کلیستۆن، 16 ئەندامی حزبوڵا لە زیندانەکان ئازادبکرێن، ئەو ئەندامانەی تۆمەتباربوون بە هێرشکردنە سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە عێراق.
"حوڕە" ئاماژەی بەوەش داوە، حکوومەتی عێراق بە فەرمی تەنیا ئازادکردنی شەش ئەندامی راگەیاندووە، بەڵام 10 ئەندامەکەی دیکە بەنهێنی و لە چوارچێوەی هەمان رێککەوتندا ئازادکراون.
هەروەها باس لەوەش کراوە، دەستەی حەشدی شەعبی بەشدار بووە لە گواستنەوەی رۆژنامەنووسە ئەمریکییەکە لە شوێنی دەستبەسەرکردنییەوە بۆ ناوچەی سەوز، بەمەبەستی رادەستکردنی.
رۆژی سێشەممە، 7ـی نیسانی 2026، بەرپرسێکی ئەمنیی کەتیبەکانی حزبوڵا بە ناوی ئەبو موجاهید عەساف لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، وەک پێزانینێک بۆ هەڵوێستە نیشتمانییەکانی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، بڕیاری ئازادکردنی رۆژنامەنووسە ئەمریکییەکەیان داوە بە مەرجی جێهێشتنی خێرای عێراق. هۆشداریشی دا، دەستپێشخەریی لەم شێوەیە دووبارە نابێتەوە و بەهۆی دۆخی جەنگەوە زۆرێک لە رەچاوکردنەکان نامێنن.
دواتر شێلی کلیستۆن لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا دەرکەوت و دانی بەوەدا نا، ساڵی 2025 لە سووریا و ئۆکرانیا لەلایەن ئەفسەرانی ئەمریکییەوە مەشقی هەواڵگریی پێکراوە. لە ڤیدیۆکەدا دەڵێت، کونسوڵگەریی ئەمریکا لە بەغدا داوای لێکردووە زانیاری لەسەر گرووپە چەکدارەکان کۆبکاتەوە، بەتایبەتی حزبوڵا و بزووتنەوەی نوجەبا. لە بەرانبەر ئازادکردنیدا بەڵێن دەدات وڵاتەکە جێبهێڵێت و هیچ کارێک نەکات زیان بە عێراق بگەیەنێت.
پێشتر رۆژی سێشەممە، 31ـی ئاداری 2026، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە راگەیەنراوێکدا رفاندنی شێلی کلیستۆنی لە بەغدا پشتڕاستکردەوە. وەزارەتەکە روونیکردەوە، هۆشدارییان دابووە رۆژنامەنووسەکە و لەگەڵ نووسینگەی لێکۆڵینەوەی فیدراڵی (FBI) هەوڵەکانیان بۆ ئازادکردنی چڕکردووەتەوە، هاوکات باسی لەوەش کرد، دەسەڵاتدارانی عێراق کەسێکی نزیک لە حزبوڵایان بە تۆمەتی تێوەگلان لە رووداوەکە دەستگیرکردووە.