رۆیتەرز: ئیدارەی ترەمپ مۆڵەتی کڕینی نەوتی رووسیا بۆ وڵاتان درێژ دەکاتەوە

ئاژانسی رۆیتەرز ئاشکرای کرد کە ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ بە مەبەستی رێگریکردن لە بەرزبوونەوەی زیاتری نرخی وزە و جڵەوکردنی بازاڕە جیهانییەکان، بڕیاری داوە مۆڵەتی کڕینی نەوت و بەرهەمە نەوتییەکانی رووسیا درێژ بکاتەوە. 

هەینی 10ـی نیسانی 2026، ئاژانسی رۆیتەرز لە زاری دوو سەرچاوەی ئاگادارەوە بڵاوی کردەوە، پێشبینی دەکرێت ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، بڕیاری درێژکردنەوەی ئەو مۆڵەتە بدات کە رێگە بە وڵاتان دەدات نەوت و بەرهەمە نەوتییەکانی رووسیا بکڕن، سەرەڕای بوونی سزاکان بەسەر مۆسکۆدا.

بەگوێرەی راپۆرتەکە، ئەم هەنگاوەی واشنتن وەک بەشێک لە هەوڵە چڕەکان دێت بۆ کۆنتڕۆڵکردنی نرخی وزە لە ئاستی جیهاندا، کە لە دوای هەڵگیرسانی جەنگی ئێران، بە شێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەتەوە. 

ئیدارەی ترەمپ دەیەوێت لە رێگەی هێشتنەوەی نەوتی رووسیا لە بازاڕەکاندا، ڕێگری لە دروستبوونی قەیرانێکی گەورەی سوتەمەنی بکات، لە کاتێکدا کە دابینکردنی وزە لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست رووبەڕووی ئاستەنگ بووەتەوە

وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا لە ناوەڕاستی مانگی ئاداری ئەمساڵ، مۆڵەتێکی 30 ڕۆژەی بۆ کڕینی هەندێک لە بەرهەمە نەوتییەکانی ڕووسیا دەرکردبوو. بڕیارە ئەم مۆڵەتە سبەی شەممە 11ی نیسان کۆتایی بێت، بۆیە ئیدارەی ئەمریکا دەیەوێت پێش وادەی تەواوبوونی، مۆڵەتەکە درێژ بکاتەوە تاوەکو شۆک بۆ بازاڕەکان دروست نەبێت.

شارەزایانی ئابووری ئاماژە بەوە دەکەن، کە پەککەوتنی هاتووچۆی تانکەرە نەوتییەکان لە گەرووی هورمز لە ماوەی 40 رۆژی رابردوودا، فشارێکی زۆری خستووەتە سەر واشنتن. سەرەڕای راگەیاندنی ئاگربەستی دوو هەفتەیی لەگەڵ تاران، هێشتا بازاڕەکانی جیهان لە دڵەڕاوکێدان. بۆیە، ڕێگەدان بە کڕینی نەوتی رووسیا وەک سوپایەکی یەدەگ بۆ بازاڕی وزە تەماشا دەکرێت تاوەکو بارودۆخەکە بە تەواوەتی ئاسایی دەبێتەوە.