پارتی و یەکێتی کۆبوونەوە
سەرچاوەیەکی تایبەت بە کوردستان24ـی راگەیاند، ئەمڕۆ شەممە، 11ـی نیسانی 2026، پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ماڵی فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق کۆبوونەوە.
بەگوێرەی سەرچاوەکە، تەوەرەی سەرەکی کۆبوونەوەکە گفتوگۆکردنە لەسەر پرسی کاندیدی سەرۆککۆماری عێراق و گەیشتن بە رێککەوتن لەو بارەیەوە.
بڕیار بوو ئەمڕۆ شەممە، 11ـی نیسانی 2026، پەرلەمانی عێراق دانیشتنی تایبەت بە هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار بەڕێوە ببات.
هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری عێراق پرۆسەیەکی پەرلەمانییە و بەپێی ماددەی 70ـی دەستووری عێراق بەڕێوەدەچێت. دوای هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان، دەرگای خۆکاندیدکردن بۆ پۆستی سەرۆککۆمار دەکرێتەوە و هەر هاووڵاتییەک مەرجە یاساییەکانی تێدا بێت، دەتوانێت خۆی کاندید بکات.
پرۆسەی هەڵبژاردنەکە بەم شێوەیە دەبێت: لە گەڕی یەکەمی دەنگداندا پێویستە کاندید دەنگی دوو لەسەر سێی کۆی ئەندامانی پەرلەمان بەدەست بهێنێت بۆ ئەوەی ببێتە سەرۆککۆمار، واتا 220 دەنگ لە کۆی 329 دەنگ. ئەگەر هیچ کاندیدێک ئەو رێژەیەی بەدەست نەهێنا، پەنا بۆ گەڕی دووەم دەبرێت. لە گەڕی یەکلاکردنەوەدا کێبڕکێ لە نێوان ئەو دوو کاندیدە دەکرێت زۆرترین دەنگیان هێناوە، لێرەدا هەر کاندیدێک زۆرترین دەنگ بهێنێت دەبێتە سەرۆککۆمار.
دواتر سەرۆککۆماری هەڵبژێردراو لە بەردەم پەرلەمان سوێندی یاسایی دەخوات و لە ماوەی 15 رۆژدا کاندیدی گەورەترین فراکسیۆنی پەرلەمانی رادەسپێرێت بۆ پێکهێنانی حکوومەت.