جیاکردنەوەی دەنگەکانی گەڕی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار دەستی پێکرد

لە کاتێکدا پرۆسەی جیاکردنەوەی دەنگەکانی گەڕی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری عێراق دەستی پێکرد، فراکسیۆنە بایکۆتکارەکان هۆشداری لە هەوڵێک دەدەن بۆ یەکلاییکردنەوەی کاندیدی سەرۆکوەزیران بەبێ رەزامەندی هەموو لایەنەکان، ئەمەش ئاڵۆزییەکانی ناو ماڵی شیعەی گەیاندووەتە لوتکە.

شەممە، 11ـی نیسانی 2026، دیلان بارزان، پەیامنێری کوردستان24، گوتی: دوای ئەوەی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری عێراق چووە گەڕی دووەم، ئێستا پرۆسەی جیاکردنەوەی دەنگەکان دەستی پێکرد، کە نزار ئامێدی، کاندیدی فراکسیۆنی یەکێتی و موسەننا ئەمین، کاندیدی فراکسیۆنی یەکگرتوو، کێبڕکێ لەسەر وەرگرتنی پۆستەکە دەکەن، بەو پێیەی هەردووکیان لە گەڕی یەکەم زۆرینەی دەنگەکانیان بەدەست هێنابوو.

سەبارەت بە پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراقیش، بە پێی زانیارییەکانی پەیامنێری کوردستان24، ململانێیەکی توند لەنێو ماڵی شیعەدا هەیە لەو بارەیەوە. بەشێک لە فراکسیۆنەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە هەوڵێکی چڕ هەیە بۆ ئەوەی دوای هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار، راستەوخۆ کاندیدی سەرۆکوەزیران رابسپێردرێت، کە باس لە "محەمەد شیاع سوودانی" دەکرێت وەک کاندیدی سەرەکی.

سەبارەت بە دۆخی ناوخۆیی چوارچێوەی هەماهەنگی، زانیارییەکان ئاماژە بە هەبوونی درز و ناکۆکی دەکەن؛ بەشێک لە فراکسیۆنەکانی ناو چوارچێوەکە بەبێ گەڕانەوە بۆ بڕیاری سەرکردایەتیی هاوپەیمانێتییەکەیان بەشدارییان لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی پەرلەمان کردووە.

لە لایەکی دیکەوە، بەها ئەعرەجی، سەرۆکی فراکسیۆنی هاوپەیمانی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان، تایبەت بە کوردستان24ـی راگەیاندووە، کە رێککەوتن کراوە لەسەر کشانەوەی نووری مالیکی، بەڵام تا ئێستا لایەنەکان لەسەر دیاریکردنی جێگرەوەی مالیکی رێکنەکەوتوون.

ئەم چەقبەستووییە سیاسییە لە کاتێکدایە کە ئەگەر ئەمڕۆ سەرۆککۆمار هەڵبژێردرێت، گوشارێکی دەستووری دەکەوێتە سەر چوارچێوەی هەماهەنگی بۆ ئەوەی لە ماوەی دوو هەفتەدا کاندیدی کۆتایی سەرۆکوەزیران یەکلا بکەنەوە، کە ئەمەش بەهۆی سووربوونی هەندێک لایەن لەسەر مالیکی و بایکۆتی هەندێکی دیکە، وەک ئەرکێکی ئەستەم دەبینرێت.