ئیسماعیل بەقایی: هاندانی ئەمریکا بۆ تیرۆرکردنی دانوستانکاران کارێکی تیرۆریستانەیە
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، بە توندی سەرکۆنەی ئەو گوتارە میدیایی و سیاسییەی ئەمریکای کرد کە داوای تیرۆرکردنی دانوستانکارانی ئێرانی دەکەن. بەقایی ئەم جۆرە لێدوانانەی بە هاندانی ڕاشکاو بۆ تیرۆری دەوڵەتی وەسف کرد و داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد لە دژی ئەم ئاساییکردنەی توندوتیژییە بوەستنەوە.
شەممە 11ـی نیسانی 2026، ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، لە پەیامێکدا لە هەژماری فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "ئێکس"، کاردانەوەی توندی نیشاندا بەرانبەر بە وتارێکی رۆژنامەی واشنتن پۆست کە تێیدا پێشنیازی کوشتنی سەرکردە و دانوستانکارانی ئێرانی کرابوو لە ئەگەری رەتکردنەوەی مەرجەکانی واشنتن.
بەقایی ئاماژەی بەوە کرد، لە کاتێکدا بەرپرسانی ئەمریکا ئێران بە نەبوونی نیەتی باش تۆمەتبار دەکەن، بەڵام لە ناوخۆی ئەمریکا و میدیاکانیاندا بە ئاشکرا داوای تیرۆرکردنی دیپلۆماتکارانی ئێران دەکرێت. گوتیشی: ئەمە گوتارێکی سیاسییە ڕێگە بە هەڕەشەی توندوتیژی و کوشتنی بەکۆمەڵ و کردەوەی تیرۆریستانە دەدات.
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوە جەختی کردەوە، ئەم جۆرە لێدوانانە هاندانی ئاشکرایە بۆ تیرۆری دەوڵەتی و پێویستە لەلایەن هەمووانەوە سەرکۆنە بکرێت. ئەم هەڵوێستەی بەقایی دوای ئەوە دێت کە مارک تیێسن لە واشنتن پۆست نووسیبووی: "ئەگەر سەرکردەکانی ئێران مەرجەکانی ترەمپ قبووڵ نەکەن، دەبێت بکوژرێن."