ئیسپانیا: ناتانیاهۆ تاوانباری کۆمەڵکوژییە و شانازی بە دژایەتیکردنی دەکەین

مۆنیکا گارسیا گۆمێز، وەزیری تەندروستی ئیسپانیا، هێرشێکی توندی کردە سەر بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل و بە ئەنجامدەر و تاوانباری کۆمەڵکوژی وەسفی کرد.

شەممە 11ـی نیسانی 2026، لە چوارچێوەی وەڵامدانەوەی حکومەتی مەدرید بۆ بڕیارەکەی ئیسرائیل سەبارەت بە دوورخستنەوەی ئیسپانیا لە ناوەندی هەماهەنگی سەربازی و مەدەنی، مۆنیکا گارسیا گۆمێز، وەزیری تەندروستی ئیسپانیا، لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا رایگەیاند: "ناتانیاهۆ یەکێک لە گەورەترین کردەوەکانی کۆمەڵکوژی لە سەردەمی ئێمەدا ئەنجامداوە، کە بووەتە هۆی کوژرانی 70 هەزار مەدەنی لە فەلەستین، کە زیاتر لە 20 هەزاریان منداڵن، جگە لە وێرانکردنی باشووری لوبنان".

ئاماژەی بەوەش کرد، وەستانەوەی وڵاتەکەی لە دژی ناتانیاهۆ سەرچاوەی شانازییە بۆ ئیسپانیا و گوتی: "حکوومەتی ئیسپانیا دیوارێک لە بەردەم ئەم پیاوە و رژێمە کۆمەڵکوژەکەی و هەروەها لە بەردەم دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بونیاد دەنێت".

ئەم لێدوانە توندانە دوای ئەوە دێن، ناتانیاهۆ ئیسپانیای تۆمەتبار کرد بەوەی شەڕێکی دیپلۆماسی لە دژی ئیسرائیل دەستپێکردووە و هەڕەشەی ئەوەی لێکردن کە باجەکەی دەدەن، هاوکات وەزیری تەندروستی ئیسپانیا لە وەڵامی ئەم هەڕەشانەدا بە گاڵتەجاڕییەوە گوتی: "ئایا ئەمە نوکتەیەکی بێمانایە؟ ئیسپانیا بە توندی بەرەوڕووی ئەو پیاوە دەبێتەوە".

هاوکات، بەرپرسانی دیکەی باڵای مەدرید هەڵوێستی هاوشێوەیان نیشاندا، یۆلاندا دیاز، جێگری سەرۆکوەزیرانی ئیسپانیا رایگەیاند، وڵاتەکەی دژایەتی تاوانبارانی جەنگ و ئەنجامدەرانی کۆمەڵکوژی دەکات.

 سیرا رێگۆ، وەزیری گەنجان و منداڵانیش ئیسرائیلی بە رژێمێکی تاوانبار وەسف کرد کە دەبێت لە بەردەم دادگای تاوانی نێودەوڵەتیدا دادگایی بکرێت.

جگە لەم گرژییە زارەکییانە، بڕیاری ئیسپانیا بۆ کردنەوەی باڵیۆزخانەکەی لە تاران راستەوخۆ دوای ئاگربەستە کاتییەکەی نێوان ئێران و ئەمریکا، بووەتە هۆی زیاتر تووڕەکردنی ئیسرائیل و قووڵبوونەوەی قەیرانی دیپلۆماسی نێوان هەردوو وڵات.