نیویۆرک تایمز: دوای شکستی دانوستان هەنگاوی داهاتوو لە دەستی ترەمپە

رۆژنامەی "نیویۆرک تایمز"ی ئەمریکی لە راپۆرتێکدا بڵاویکردەوە، بڕیاری کۆتایی سەبارەت بە هەنگاوی داهاتووی ئیدارەی ئەمریکا لە دانوستانەکان لەگەڵ ئێران، ئێستا لە دەستی دۆناڵد ترەمپدایە، بەرپرسانی کۆشکی سپی ئاماژە بەوە دەکەن، هەر بڕیارێک بدرێت، باجێکی قورسی سیاسی و ستراتیژی دەبێت.

یەکشەممە 12ـی نیسانی 2026، رۆژنامەی نیویۆرک تایمز، لە راپۆرتێکدا ئاشکرای کردووە، دوای راگەیاندنی شکستی دانوستانی نێوان ئەمریکا و ئێران لە ئیسلام ئاباد، ئێستا بڕیاری هەنگاوی داهاتوو لە دەستی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکایە، رۆژنامەکە یەکێک لە گۆکارەکانی شکستی دانوستانی بۆ ئەوە گەراندووەتەوە، جی دی ڤانس، جێگری ترەمپ، پێشنیازێکی کۆتایی بۆ کۆتاییهێنان بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران پێشکەش بە تاران کردووە، بەڵام لە لایەن ئێرانەوە رەتکراوەتەوە.

لە بەشێکی دیکەی راپۆرتەکەدا هاتووە، ستراتیژی ترەمپ لەسەر ئەوە وەستاوە فشاری سەربازیی توند دەبێتە هۆی پاشەکشەی ئێران، بەڵام تاران خۆڕاگری بە سەرکەوتنی خۆی دەزانێت و پێیوایە زیانەکان نەک هەر لاوازی نەکردوون، بەڵکو هەڵوێستەکانیانی توندتر کردووە.

لەبارەی دانوستانەکانەوە ئاماژەی بەوەکردووە، تیمی ترەمپ لەوە دەترسن بکەونە ناو داوی دانوستانی درێژخایەن و ئاڵۆزەوە، ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی ترەمپ، پێیوایە دەبێت ئێران بە سادەیی خۆی رادەستی ئەمریکا بکات، ئەمەش لە لایەن چاودێرانەوە بە داواکارییەکی نادیار و دوور لە راستەقینە دەبینرێت.
بە گوێرەی راپۆرتەکە، یەکێک لە کێشە سەرەکییەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا پیتاندنی یۆرانیۆمە، ئێران دەستبەرداری نابێت و ئەمریکاش ئەوە بە هەڕەشەیەک دەبینێت بۆ دروستکردنی چەکی ئەتۆمی.

 دوای 39 رۆژ لە جەنگ، هەڵوێستی هەردوولا توندتر بووە، ترەمپ ئێستا هەڕەشەی دەسپێکردنەوەی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان دەکات، بەتایبەت کە وادەی ئاگربەستی نێوانیان لە 21ـی نیسان کۆتایی دێت.

نیویۆرک تایمز ئاشکرای کردووە، هەر بڕیارێک بۆ دەسپێکردنەوەی جەنگ کاریگەریی خراپی لەسەر نرخی وزە و هەڵاوسانی جیهانی دەبێت، لە لایەکی دیکەوە، پرسی کردنەوەی گەرووی هورمز وەک کارتێکی فشار لە دەستی ئێراندایە، تاران داوای قەرەبووی زیانەکانی شەڕ و لادانی سزاکان دەکات، بەڵام واشنتن قەرەبووکردنەوە رەت دەکاتەوە.

نیویۆرک تایمز ئاماژە بەوە دەکات، ئێستا جۆرێک لە چەقبەستوویی سیاسی دروست بووە، واشنتن بەهۆی هێزە سەربازییەکەی و تاران بەهۆی خۆڕاگرییەکەیەوە خۆیان بە براوە دەزانن، ئەم دۆخەش وا دەکات قۆناغی داهاتوو یان بەرەو دانوستانی زۆر درێژخایەن یان بەرەو تەقینەوەیەکی نوێی سەربازی بڕوات.