جەواد زەریف: دانوستان شکستی هێنا چونکە واشنتن دەیویست مەرجەکانی بەسەر تاراندا بسەپێنێت
محەممەد جەواد زەریف، وەزیری پێشووتری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، ئەمریکای بەرپرسیاری شکستی دانوستانەکانی ڕۆژی شەممەی ئیسلام ئابادە، چونکە واشنتن هەوڵی داوە مەرجەکانی خۆی بەسەر تاراندا بسەپێنێت".
یەکشەممە 12ـی نیسانی 2026، محەممەد جەواد زەریف، وەزیری پێشووتری دەرەوەی ئێران، لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "X" نوسیویەتی: "هیچ دانوستانێک لەگەڵ ئێران، سەرکەوتوو نابێت ئەگەر لەسەر بنەمای مەرجی ئێمە بەرامبەر مەرجی ئێوە بێت." ئاماژەی بەوەش کرد، پێویستە ئەمریکا فێر بێت ناتوانێت مەرج بەسەر ئێراندا بسەپێنێت و گوتی: "هێشتا درەنگ نییە بۆ ئەوەی ئەمریکا ئەم وانەیە وەربگرێت".
دانوستانەکانی پاکستان لە نێوان شاندێکی باڵای ئەمریکی بە سەرۆکایەتی جی دی ڤانس جێگری سەرۆکی ئەمریکا و شاندێکی ئێرانی بە سەرۆکایەتی محەممەد باقر قالیباف سەرۆکی پەرلەمانی ئێران بەڕێوەچوو، ئەم گفتوگۆیانە هاوکات بوون لەگەڵ ئاگربەستێکی دوو هەفتەیی لەو جەنگەی کە ئەمریکا و ئیسرائیل لە کۆتایی مانگی شوباتەوە دژی ئێران دەستیان پێکردووە.
بەگوێرەی ماڵپەڕی "ئەکسیۆس"ی ئەمریکی، دوو هۆکاری سەرەکی بوونەتە رێگر لەبەردەم رێککەوتن:
داواکاری ئێران بۆ هەبوونی کۆنتڕۆڵ بەسەر گەرووی هورمزدا.
رەتکردنەوەی تاران بۆ دەستبەرداربوون لە کۆگاکانی یۆرانیۆمی پیتێنراو.
دانوستانەکان کە لە رۆژی شەممەوە دەستیان پێکرد و تا بەرەبەیانی یەکشەممە بەردەوام بوون، بێ ئەنجام کۆتاییان هات.
تاوەکوو ئێستاش روون نییە کە ئایا هەردوولا دەگەڕێنەوە سەر مێزی گفتوگۆ یان نا، هەروەها چارەنووسی ئەو ئاگربەستەی کە لە 7ـی نیسانەوە دەستی پێکردووە، کەوتووەتە مەترسییەوە.