رووسیا: ئۆکرانیا 1971 جار ئاگربەستی جەژنی قیامەی پێشێل کردووە

وەزارەتی بەرگریی رووسیا رایگەیاند، هێزەکانی ئۆکرانیا لە سەرەتای راگەیاندنی ئاگربەستی جەژنی قیامەوە تاوەکو کاتژمێر 8ـی بەیانیی ئەمڕۆ یەکشەممە، 1971 جار ئاگربەستیان پێشێل کردووە.

یەکشەممە 12ـی نیسانی 2025، بەگوێرەی بەیاننامەیەکی وەزارەتی بەرگریی رووسیا، لەسەر فەرمانی ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی رووسیا، سەرجەم هێزەکانیان لە ناوچەکانی ئۆپراسیۆنی سەربازیی تایبەت لە کاتژمێر 4:00ـی ئێوارەی 11ـی نیسانەوە بە توندی پابەندی ئاگربەست بوون و لە پێگەکانی خۆیاندا ماونەتەوە.

وەزارەتەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، هێزەکانیان توانیویانە 4 هەوڵی پێشڕەویی سوپای ئۆکرانیا لە ناوچەکانی کۆندراتۆفکا و نۆڤا سیتش لە پارێزگای سۆمی، هەروەها گوندی کالینیکی لە کۆماری میللیی دۆنێتسک تێکبشکێنن.

لە بەشێکی دیکەی بەیاننامەکەدا هاتووە، ئۆکرانیا بە دوو درۆن هێرشی کردووەتە سەر ناوچەکانی کورسک و بێلگۆرۆد لە ناوخۆی رووسیا، بەهۆیەوە چەند هاووڵاتیەکی سڤیل بریندار بوون، کە منداڵێکیشیان لەنێواندایە.

ئەو ئاگربەستەی کە ڤلادیمێر پوتن سەرۆکی رووسیا بەبۆنەی جەژنی قیامەوە رایگەیاند، لە کاتژمێر 4:00ـی ئێوارەی دوێنێ شەممەوە بە کاتی مۆسکۆ دەستی پێکردووە و بڕیارە تاوەکوو 13ـی نیسان بەردەوام بێت.