بەهۆی جەنگەوە بەرهەمهێنانی غازی ماڵان لە عێراق بۆ نیوە دابەزیوە

روانگەی ئیکۆ عێراق بۆ کاروباری ئابووری هۆشداری لە دروستبوونی تەنگژەی غازی ماڵان دەدات و رایدەگەیەنێت، بەهۆی کاریگەرییەکانی جەنگ و کەمبوونەوەی بەرهەمهێنانی نەوت، ئاستی بەرهەمهێنانی غازی شل (LPG) بە رێژەی 53% کەمی کردووە.

بەپێی راپۆرتێکی روانگەی ئیکۆ عێراق، پێش هەڵگیرسانی جەنگ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، عێراق رۆژانە نزیکەی 9.500 تۆن غازی شلی بەرهەم دەهێنا، کە 3.000 تۆنی لە رێگەی کۆمپانیای غازی بەسرە و بڕەکەی دیکەی لە پاڵاوگە و کێڵگە نەوتییەکانەوە وەک "غازی هاوەڵ" دابین دەکرا، بەڵام دوای جەنگ و کەمبوونەوەی هەناردەی نەوت، ئاستی بەرهەمهێنانی غاز بۆ 4.500 تۆن لە رۆژێکدا دابەزیوە.

ئیکۆ عێراق ئاماژە بەوەش کردووە، پێویستیی ناوخۆ بۆ بەکارهێنانی ماڵان و ئۆتۆمبێل، رۆژانە لە نێوان 6.000 بۆ 6.500 تۆندایە، ئەم کورتهێنانەیش وای کردووە حکوومەت پەنا بۆ یەدەگی ستراتیژیی ژێر زەوی ببات.

روانگەکە ئاشکرای کردووە، بەهۆی ئەم تەنگژەیەوە، یەدەگی غازی ژێر زەوی لە 107 هەزار تۆنەوە بۆ 53 هەزار تۆن دابەزیوە، هەر بۆیە داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکات، کۆگاکانی غاز لە رووی جوگرافییەوە بەسەر پارێزگاکاندا دابەش بکرێن و توانای کۆگا ژێر زەوییەکان زیاتر بکرێت بۆ ئەوەی لە کاتی قەیرانەکاندا رووبەڕووی کەمیی غاز نەبنەوە.