سوودانی و عۆن پەرەسەندنەکانی لوبنان و هێرشەکانی ئیسرائیل تاوتوێ دەکەن
سوودانی: گەل و حکوومەتی عێراق لە رووبەڕووبوونەوەی هێرشەکاندا پاڵپشتی لوبنانییەکان دەکەن
سەرۆکوەزیرانی عێراق و سەرۆکی لوبنان، دواین پەرەسەندنە ئەمنییەکان و ئاستی دەستدرێژییەکانی سەر خاکی لوبنانیان تاوتوێ کرد. هەروەها سوودانی پاڵپشتیی تەواوی وڵاتەکەی بۆ بەیروت دووپات کردەوە.
یەکشەممە، 12ـی نیسانی 2026، محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ جۆزێف عۆن، سەرۆکی لوبنان، دوایین پەرەسەندن و دۆخی نالەباری وڵاتی لوبنانی تاوتوێ کرد.
لە میانی پەیوەندییەکەدا، سەرۆکوەزیرانی عێراق بە توندی سەرکۆنەی ئەو دەستدرێژییانەی کرد کە لە لایەن ئیسرائیلەوە دەکرێنە سەر لوبنان.
سوودانی جەختی لە هەڵوێستی نەگۆڕی عێراق کردەوە، چ لەسەر ئاستی حکوومەت و چ لەسەر ئاستی گەل، بۆ پشتیگیریکردنی گەلی لوبنان و هاوکاریکردنیان لە رووبەڕووبوونەوەی ئەم هێرشە ئاشکرایانەدا.
هاوکات، هەردوولا جەختیان لە گرنگیی هەماهەنگیی باڵای نێوان هەردوو وڵات کردەوە. ئەوەشیان دووپات کردەوە، کە پێویستە وڵاتانی زلهێز و دامەزراوە نێودەوڵەتی و نەتەوە یەکگرتووەکان بەرپرسیارێتییەکانی خۆیان لەئەستۆ بگرن بەرامبەر بەو پێشێلکارییانەی بەرامبەر سەروەریی خاکی لوبنان و بەئامانجگرتنی راستەوخۆی هاووڵاتییانی بێتاوان ئەنجام دەدرێن.
لای خۆیەوە، جۆزێف عۆن، سەرۆکی لوبنان، پێزانینی خۆی بۆ هەڵوێستی حکوومەتی عێراق و هەوڵە بەردەوامەکانی لە پاڵپشتیکردنی گەلی لوبنان دەربڕی.