بلومبێرگ: گەمارۆدانی دەریایی سەر ئێران جیهان بەرەو شەڕێکی فراوانتر دەبات

ئاژانسی "بلومبێرگ" لە راپۆرتێکدا هۆشداری دەدات، بڕیاری دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، بۆ سەپاندنی گەمارۆی دەریایی بەسەر بەندەرەکانی ئێران و گەرووی هورمزدا، ناوچەکە و جیهان بەرەو قۆناغێکی نوێ و مەترسیداری رووبەڕووبوونەوە دەبات، کە کاریگەرییەکی وێرانکەری لەسەر ئابووری جیهان دەبێت.

دووشەممە 13ـی نیسانی 2026، ئاژانسی بلومبێرگ لە راپۆرتێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، ئەگەر ئەمریکا بڕیاری گەمارۆدانی دەریایی لە بەرانبەر ئێران بخاتە بواری جێبەجێ کردنەوە، کاریگەری وێرانکەر لە سەر ئابووەری جیهانی دروست دەبێت، دەستبەجێ دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵەکە، بازاڕەکانی وزە شڵەژانیان بەخۆوە بینی، نرخی نەوتی خاوی برێنت بە رێژەی 9% بەرزبووەوە و گەیشتە نزیکەی 104 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک، هەروەها نرخی غازی سروشتی لە ئەوروپا بە رێژەی 18% زیادی کرد، شارەزایان دەڵێن هەر پەککەوتنێک لە گەرووی هورمز کە پێنجەکی نەوتی جیهانی پێدا تێپەڕ دەبێت، دەبێتە هۆی هەڵاوسانی بێوێنە و خاوبوونەوەی گەشەی ئابووری جیهان.

بە گوێرەی راپۆرتەکەی بلومبێرگ، ئەم گرژییە نوێیە دوای ئەوە هات کە دانوستانەکانی نێوان واشنتن و تاران لە وڵاتی پاکستان بێ ئەنجام کۆتایی هات. 

گفتوگۆکان کە لە نێوان "جەی دی ڤانس" جێگری سەرۆکی ئەمریکا و "محەمەد باقر قالیباف" سەرۆکی پەرلەمانی ئێران بەڕێوەچوو، بەهۆی ناکۆکی توند لەسەر بەرنامەی ئەتۆمی ئێران شکستی هێنا و ئاگربەستە لەرزۆکەکەی نێوانیانی خستە مەترسییەوە.

فەرماندەیی ناوەندی هێزەکانی ئەمریکا ( سێنتکۆم ) رایگەیاندووە، گەمارۆکە هەموو ئەو کەشتیانە دەگرێتەوە کە روو لە ئێران دەکەن یان لێیەوە دەردەچن، بە ئامانجی خنکاندنی هەناردەی نەوتی ئەو وڵاتە.

لە بەرانبەردا، ئێران بە توندی وەڵامی دایەوە، موحسین رەزایی، راوێژکاری سەربازی رێبەری باڵای ئێران رایگەیاند، وڵاتەکەی رێگە بە جێبەجێکردنی ئەو گەمارۆیە نادات و توانای گەورەی بۆ بەرپەرچدانەوە هەیە. 

هاوکات سوپای پاسداران هۆشداری داوە، هەر نزیکبوونەوەیەکی سەربازی لە گەرووی هورمز وەک پێشێلکردنی ئاگربەست و راگەیاندنی شەڕی راستەوخۆ هەژمار دەکرێت و وەڵامی توندیان دەبێت.