20 هەزار دەریاوانی هیندی لە گەرووی هورمز گیریان خواردووە

ئاژانسی "ئەسۆشیەیتد پرێس" لە زاری سکرتێری گشتیی یەکێتیی نیشتمانیی دەریاوانانی هیندستانەوە بڵاوی کردەوە، زیاتر لە 20 هەزار دەریاوانی هیندی لە ناوچەی گەرووی هورمز گیریان خواردووە و لە بارودۆخێکی مرۆیی زۆر خراپ و نالەباردا دەژین.

دووشەممە 13ـی نیسانی 2026، ئاژانسی "ئەسۆشیەیتد پرێس" لە زاری سکرتێری گشتیی یەکێتیی نیشتمانیی دەریاوانانی هیندستانەوە بڵاوی کردەوە، بەهۆی مانەوەی کشتییەکان لە گەرووی هورمز، 20 هەزار دەریاوانی هیندی لە ناوچەکە گیریان خواردووە و بارودۆخی مرۆییان زۆر خراپە، ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەم قەیرانە مرۆییە لە کاتێکدایە کە لە پێنجەمین رۆژی ئاگربەستی نێوان واشنتن و تاران، دانوستانەکانی نێوان هەردوو وڵات لە ئیسلام ئابادی بێ گەیشتن بە هیچ رێککەوتنێک کۆتایی هات.

دوای نەگەیشتن بە هیچ ئەنجامێکی ئەرێنی لە دانوستانەکاندا، جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا، دوای جێهێشتنی پاکستان رایگەیاند، "شکستی ئەم دانوستانانە و دەرفەتی رێککەوتن بۆ ئێرانییەکان زۆر خراپترە وەک لەوەی بۆ ئەمریکییەکان خراپ بێت"، ئەمەش ئاماژەیە بۆ توندبوونی هەڵوێستی واشنتن بەرامبەر تاران.

هاوکات لەگەڵ شکستی گفتوگۆکان، فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) بڕیارێکی توندی دەرکرد، بەگوێرەی بڕیارەکە، ئەمریکا لە 13ـی نیسان، کاتژمێر 10:00ـی بەیانییەوە، گەمارۆیەکی دەریایی گشتگیر و هەمەلایەنە دەخاتە سەر سەرجەم بەندەرەکانی ئێران.

ئەم پەرەسەندنە نوێیانە ترسی ئەوەیان دروست کردووە، ناوچەکە بەرەو قۆناغێکی توندتر لە ململانێ و رووبەڕووبوونەوەی سەربازی بچێت، بەتایبەت گەرووی هورمز کە یەکێکە لە هەستیارترین رێڕەوەکانی جیهان و گیان و ژیانی هەزاران دەریاوانی بیانی لەو ناوچەیەدا کەوتووەتە مەترسییەوە.