ناتانیاهۆ: ئیسرائیل پشتگیری لە بڕیارەکەی ترەمپ بۆ گەمارۆدانی ئێران دەکات

بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، وڵاتەکەی بە تەواوی پشتگیری لە بڕیارەکەی دۆناڵد ترەمپ دەکات بۆ سەپاندنی گەمارۆی دەریایی بەسەر ئێراندا، هاوکات سوپای ئیسرائیل فەرمانی ئامادەباشیی دەستبەجێ بۆ هێزەکانی دەردەکات.

دووشەممە 13ـی نیسانی 2026، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە دەستپێکی کۆبوونەوەی هەفتانەی حکوومەتەکەیدا ئاشکرای کرد، رۆژی یەکشەممەی رابردوو جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا، راستەوخۆ دوای جێهێشتنی پاکستان تەلەفۆنی بۆ کردووە و زانیاریی وردی لەسەر شکستی دانوستانەکانی ئیسلام ئاباد پێداوە، ناتانیاهۆ گوتی: "بەوپێیەی ئێران یاساکانی شکاند، سەرۆک ترەمپ بڕیاری دا گەمارۆی دەریایی بخاتە سەر ئەو وڵاتە، هەروەها ئێمە پشتگیری لەم هەڵوێستە توندە دەکەین و هەماهەنگیی بەردەواممان لەگەڵ ئەمریکا هەیە".

بڕیارە لە کاتژمێر 10:00ـی ئەمڕۆ دووشەممە بە کاتی واشنتن، ئەمریکا گەمارۆی دەریایی بەسەر بەندەرەکانی ئێراندا بسەپێنێت، ئەم هەنگاوە دوای ئەوە هات کە دانوستانەکانی نێوان شاندی ئەمریکا بە سەرۆکایەتی جەی دی ڤانس و شاندی ئێران بە سەرۆکایەتی محەممەد باقر قالیباف، بێ ئەنجام کۆتایی هات و ئاگربەستە دوو هەفتەییەکە شکستی هێنا.

هاوکات لەگەڵ بنبەستبوونی رێگەی دیپلۆماسی، ئەیال زامیر، سەرۆک ئەرکانی سوپای ئیسرائیل، رێنمایی دەرکرد بۆ ئەوەی هێزەکان بچنە حاڵەتی "ئامادەباشیی دەستبەجێ".

رۆژنامەی "یەدیعۆت ئەحرۆنۆت" لە زاری سەرچاوە سەربازییەکانەوە بڵاوی کردەوە، سوپای ئیسرائیل دەستی بە رێکارە جەنگییە رێکخراوەکان کردووە، ئەمەش خێراییەکی بەرچاوی کارە سەربازییەکانە و تەنها پێش دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنە گەورەکان ئەنجام دەدرێت.

ئەم پەرەسەندنانە ئاماژەن بۆ ئەوەی ناوچەکە لە دوای شکستی گفتوگۆکانی پاکستان، بەرەو رووبەڕووبوونەوەیەکی سەربازیی کراوە هەنگاو دەنێت.