نەورۆز سەرکەوتنێکی گەورەی تۆمار کرد
یانەی نەورۆز لە گەڕی 28ـی خولی ئەستێرەکانی عێراق، لە یاریگای خۆی لە شاری سلێمانی میوانداری یانەی مینای کرد و لە کۆتاییدا، توانی یارییەکە بە ئەنجامی 4-1 لە میوانەکەی بباتەوە.
نەورۆزی کوردان دوای دوو یەکسانبوونی لەسەر یەک لە دوو گەڕی رابردووی خولی ئەستێرەکانی عێراق، ئەمجارەیان لە گەڕی 28 و لە یاریگای خۆی میوانداری یانەی مینای کرد، دواجار توانیان سێ خاڵی یارییەکە بەدەست بهێنن و یارییەکەیان بە ئەنجامی 4-1 لە بەرژەوەندی خۆیان یەکلایی کردەوە.
نیوەی یەکەم لە خولەکەکانی 16 و 30 محەمەد رەزا و هەروەها مەروان حوسێن توانیان دووجار تۆڕی گۆڵی یانەی مینا بهەژێنن و نیوەی یەکەم بەم ئەنجامە کۆتایی هات. نیوەی دووەمیش یاریزانانی نەورۆز باڵادەست بوون و دووجاری دیکە لە رێگەی مەروان حوسێن و مارادۆنا توانیان تۆڕی گۆڵی یانەی میوان بهەژێنن و سێ خاڵی یارییەکەیان بۆ یانەکەیان مسۆگەر کرد. لە بەرامبەردا کەرار جەعفەر لە خولەکی 95 تاکە گۆڵی یانەی مینای لە یارییەکە کرد.
بەم شێوەیە یانەی نەورۆز کە دوای شەش بردنەوەی لەسەر یەک دوو یاری رابردوو یەکسانبوون، جارێکی دیکە گەڕانەوە سەر رێچکەی سەرکەوتن و سێزدەیەمین بردنەوەی ئەم وەرزەیان بەدەستهێنا، هەروەها ئەو یانەیە کۆی خاڵەکانی لە پلەی نۆیەمی ریزبەندی گەیاندە 42 خاڵ.
یانەی نەورۆز حەوت یارییە لەسەر یەک لە خولی ئەستێرەکانی عێراق تووشی دۆڕان نەبووە، لەو حەوت یارییەش خاوەنی پێنج بردنەوە و دوو بەرامبەربوونن، دوایین دۆڕانیشیان لە خولەکە گەڕی گەڕی 21 بەرامبەر یانەی زەوڕا بوو.