جیهان چاوەڕێ ریمۆنتادای بارسێلۆنا دەکات
بارسێلۆنا بە مەبەستی تۆلە کردنەوەی دۆڕانەکەی یاری چوونی قۆناغی چارەکی کۆتایی بەرامبەر ئاتلێتیکۆ، چووەتە مەدرید و چاوی لەوەیە بۆ یەکەمجار لەسەر دەستی یانە مەدریدییەکە سەرکەوێت بۆ قۆناغی پێشکۆتایی.
یانەکەی هەرێمی کەتەلۆنیا لە یاری چوونی قۆناغی چارەکی کۆتایی چامپیۆنزلیگ، بە ئەنجامی دوو گۆڵی بێ وەڵام لە یاریگای خۆی تووشی دۆڕانێکی چاوەڕواننەکراو بوو، بۆیە لە یاری گەڕانەوە پێویستی بە بردنەوەی جیاوازی سێ گۆڵ هەیە.دوایینجار کە بارسێلۆنا لە قۆناغی چارەکی کۆتایی ماڵئاوایی لە چامپیۆنزلیگ کردبێت، دوو وەرز لەمەوبەر بوو بەرامبەر پاریس سانجێرمانی فەڕەنسا، ئەو کاتە لە یاری چوون براوە بوون بەڵام لە یاری گەڕانەوە تووشی دۆڕانێکی قورس بوون.
هانسی فلیک راهێنەری یانەی بارسێلۆنا، لە کۆنگرەی رۆژنامەوانی پێش یارییەکە رایگەیاند، ئەوان چانسی ریمۆنتادایان هەیە، بەڵام زۆر گرنگە سوود لەو هەلانە ببینن کە بۆیان دەرەخستێت، چونکە یاری چوون جیاوازی نێوان هەردوو یانە ئەم کێشەیە بوو. "یارییەکی 90 خولەکی یان زیاتر زۆر ئاڵۆزمان لە پێشە، زۆر گرنگە کە فشاریان بخەینە سەر، دەزانم ئاتلەتیکۆ مەدرید تیپێکی زۆر باشە و ئەگەر فشاریان لەسەر نەکەیت، بەرگری کردن لێیان ئاسان نییە، پەیوەندی نێوان یاریزانەکان زۆر گرنگە، دەبێت وەک یەک تیپ بەرگری بکەین، لە کاتی لەدەستدانی تۆپ زۆر گرنگە کۆنترۆڵی بۆشایییەکان بکەین و بچووکیان بکەینەوە. ئەگەری گەڕانەوەمان هەیە، بۆچی نا؟ ئێمە بەرامبەر یانەیەکی زۆر بەهێز یاری دەکەین، بۆیە پێویستمان بە ئاستێکی زۆر باش دەبێت، پێویستە سوود لە هەموو ئەو هەلانە ببینین کە بەدەستیان دەهێنین، چونکە ئەوە جیاوازی نێوان ئێمە و ئەوان بوو لە دوایین یاریدا ''.
بارسێلۆنا پێشتر دووجاری دیکە لە چامپیۆنزلیگ یاری بەرامبەر ئاتلێتیکۆ مەدرید کردووە، هەردوو جارەکەش لە قۆناغی چارەکی کۆتایی بووە، بەڵام ئەوەی جێگەی نیگەرانیە بۆ هاندەران بارسا ئەوەیە، ئەو یانەیە هەردوو جارەکە لەسەر دەستی ئاتلێتیکۆ مەدرید دەرکراوە.
بارسێلۆنا لە دوای ریاڵ مەدرید و بایرن میونشن زۆرترینجار گەیشتووەتە قۆناغی پێشکۆتایی چامپیۆنزلیگ کە 17 جار بووە، دوایینجاریش کە سەرکەوتبێت بۆ ئەو قۆناغە، واتە قۆناغی پێشکۆتایی چامپیۆنزلیگ وەرزی رابردوو بوو.