فیلمی کوردی "8 ئاڕ" لە بەریتانیا نمایشکرا
فیلمی سینەمایی کوردی "8 ئاڕ"، کە لە دەرهێنانی رزگار کەریمە، لە لەندەنی پایتەختی بەریتانیا نمایشکرا.
دووشەممە، 13ـی نیسانی 2026، رزگار کەریم، دەرهێنەری ئەو فیلمە سینەماییە بە کوردستان24ی گوت، "رۆژێکی زۆر تایبەت بوو کە توانیم فیلمێکی کوردی لە لەندەن نمایش بکەم، راستە فیلمەکە باس لە کولتووری ئەوێ دەکات، بەڵام جێگەی دڵخۆشییە کە فیلمەکە کوردییە و ستافێکی تەواو کوردی کاریان لە بەرهەمهێنانی ئەو فیلمە کردووە، هەروەها زۆربەی ئامادەبووانی نمایشەکە ئەوروپی بوون، زۆر ستایشی ئێمە و فیلمەکەیان کرد، ئەوە دەگەیەنێت کە فیلمی کوردی هەنگاوی زۆر گەورەی ناوە و لەداهاتووشدا دونیا ئاشنای فیلم و سینەمای کوردی دەبێت.
رزگار کەریم گوتیشی، "چیڕۆکی فیلمەکە باس لە بابەتی کۆمەڵایەتی و دەروونیی لە بەریتانیا دەکات و دەچێتە ناو ژیانی رۆژانەی قوتابخانەیەک، بە تایبەت ئەوانەی کە لە پۆلەکانی هەشتن، تەمەنێک کە گەشەی کەسایەتی و هەستەکان زۆر توند دەبن و چیڕۆکەکە لەگەڵ ناساندنی مامۆستایەکی دراما دەستپێدەکات، مامۆستایەک کە هەوڵ دەدات لە رێگەی هونەری شانۆوە رۆح و دەنگی قوتابیان بگێڕێتەوە، ئەو پێی وایە دراما تەنیا وانەیەک نییە، بەڵکو رێگایەکە بۆ دەربڕینی هەستە قەدەخەکراوەکان و چارەسەری کێشە ناوخۆییەکان."
ئەو دەرهێنەرە زیاتر باس لە ناوەڕۆکی فیلمەکە دەکات و دەڵێت، "بە تێپەڕبوونی رۆژەکان، دەبینین کە قوتابیان هەر یەکەیان بارێکی قورس هەڵدەگرن، هەندێکیان لە ژینگەی خێزانی پڕ لە فشار و کێشە دەژین، هەندێکیش دەچنە ناو هەست بە بێ ناسنامەیی و گێژاوی کەسایەتی، هەندێکیانیش تووشی توندوتیژی یان بێباوەڕی دەبن. مامۆستاکە هەوڵ دەدات لە رێگەی راهێنانە درامییەکانەوە ئەم هەست و کێشانە بێنێتە سەر شانۆ، بەڵام ئەمەش بە ئاسانی نییە."
شایەنی باسە، فیلمی سینەمایی "8 ئاڕ"، لە دەرهێنانی رزگار کەریمە و هەر یەکە لە، هەریاد هەیمەن و کاوە کەرکووکی تابان یاسین و رزگار کەریم رۆڵی سەرەکی تێدا دەگێڕن.