گەرمیان یادی 55 هەزار قوربانیی ئەنفال دەکاتەوە؛ برینێک کە هەرگیز سارێژ نابێت

ئەمڕۆ دەڤەری گەرمیان یادی یەکێک لە دڵتەزێنترین کارەساتەکانی مێژووی مرۆڤایەتی دەکاتەوە. لە قۆناخی سێیەمی شاڵاوی ئەنفالدا، رژێمی بەعس بە دڕندانەترین شێوە پەلاماری گوند و شارۆچکەکانی ئەم دەڤەرەی دا و تێیدا نزیکەی 55 هەزار هاووڵاتی بێتاوان بوونە قوربانی، کە تاوەکو ئێستاش ئازاری بنەماڵەکانیان ناخی هەر مرۆڤێکی نیشتمانپەروەر دەهەژێنێت.

سێشەممە 14ی نیسانی 2026 لە گەرمیان، لە 38ەمین ساڵیادی ئەنفالی گەرمیان رێورەسمێک بە بەشداری کەسوکاری ئەنفالکراوان بەڕێوەچوو.

وەک چۆن مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ئاماژەی پێداوە، ئەم یادە "رۆژێکی رەشە" لە مێژووی گەلی کورددا. قۆناخی سێی شاڵاوی ئەنفال کە دەڤەری گەرمیانی گرتەوە، بە سەختترین و دژوارترین قۆناخ دادەنرێت. پرۆسەکە لە بەرەبەیانی 7ی نیسانی 1988 لە نزیکەی 17 شوێنی جیاوازەوە دەستیپێکرد و تاوەکو 20ی نیسان بەردەوام بوو، بەڵام رۆژی 14ی نیسان بەهۆی چڕی و دڕندەیی پەلامارەکان، لەلایەن پەرلەمانی کوردستانەوە وەک "رۆژی ئەنفالی گەرمیان" دەستنیشانکراوە.

لەو شاڵاوەدا، رژێمی بەعس هەرچی گوند و ئاوەدانی هەبوو لە گەرمیان خاپووری کردن و دەستی لە پیرۆزییەکانیش نەپاراست؛ مزگەوتەکانی تەقاندەوە و تەنانەت کانیاوەکانیشی بە سەب و چیمەنتۆ پڕکردەوە. جگە لە بێسەروشوێنکردنی دانیشتووان، سوپای بەعس هەرچی پارە، مەڕوماڵات و ئامێری کشتوکاڵی گەرمیانییەکان هەبوو، هەمووی بە تاڵان برد و هیچ ئومێدێکی ژیانی لە ناوچەکەدا نەهێشتەوە.

ئەو کەسانەی لەو کاتەدا دەستگیرکران و بردرانە گرتووخانەکان، بەشی زۆریان رەوانەی "نۆگرەسەلمان" کران. لەوێدا بەشێکیان زیندەبەچاڵ کران و بەشێکی زۆریشیان بەهۆی برسییەتی، تینوویەتی و ئازاری ئەشکەنجەوە گیانیان سپارد.

سەرەڕای ئەوەی بەهۆی بارودۆخی ئێستاوە راگەیەنرابوو کە رێوڕەسمی فەرمی بۆ یادی ئەنفال ناکرێتەوە، بەڵام هێشتا کەسوکاری ئەنفالکراوان بە کۆمەڵ هاتوونەتە سەر مەزارەکان و مۆنۆمێنتی ئەنفال، تاوەکو بەشداری لەم یادە خەمناکەدا بکەن و رێز لە گیانی پاکی ئازیزانیان بگرن.