سبەی رێبوار تەها لە پۆستی پارێزگاری کەرکووک دەست لەکار دەکێشێتەوە
محەممەد سەمعان سەرۆکی بەرەی تورکمانی عێراق دەکرێتە پارێزگاری نوێی کەرکووک
کوردستان24 وردەکاری رێککەوتنی نێوان بافڵ تاڵەبانی، محەممەد حەلبووسی و رەیان کلدانی بۆ پێدانی پۆستی پارێزگاری کەرکووک بە پێکهاتەی تورکمان ئاشکرا دەکاتەوە و بۆ رادەستکردنی پۆستەکە، سبەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک کۆبوونەوەیەکی بە پەلەی رێکخستووە و سەرۆکی بەرەی تورکمانی عێراق بە پارێزگاری نوێی کەرکووک دەستبەکار دەبێت.
ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک ئەمڕۆ چوارشەممە 15ی نیسانی 2026، نووسراوێکی بە پەلەی بە ژمارە م/232 لە بارەی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنەکە بڵاوکردووەتەوە و بڕیارە کۆبوونەوەکە کاتژمێر 12 بەڕێوە دەچێت.
بە گوێرەی کارنامەکەی کۆبوونەوەکەی سبەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، رێبوار تەها مستەفا دەست لەکار دەکێشێتەوە و محەممەد سەمعان بە پارێزگاری نوێ دەستبەکار دەبێت.
بە گوێرەی بەدواداچوونەکەنای کوردستان24، بافل تاڵەبانی لەگەڵ حەلبووسی و کلدانی رێککەوتووە، پۆستی پارێزگاری کەرکووک، لە رێبوار تەها وەربگیرێتەوە و بدرێتە محەممەد سەمعان کە سەرۆکی بەرەی تورکمانی عێراقە و بۆ حەوت مانگ پارێزگاری کەرکووک دەبێت، دوای ئەو پۆستەکە بە کەسێکی عەرەبی سوننە دەدرێت و تا هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجوومەنی پارێزگاکان پۆستی پارێزگای کەرکووک لە دەستی عەرەبی سوننە دەمێنێتەوە.
لە بەرانبەر پێدانی پۆستی پارێزگار بە تورکمان و عەرەبی سوننە، بافڵ تاڵەبانی داوای جێگری پارێزگار و فەرماندەی پۆلیسی کەرکووک و قایمقامەکانی دووبزو داقوقی کردووە.
ئەم رێککەوتنە لە پێناو سەرکەوتنی کاندیدی یەکێتی بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆککۆماری عێراق کراوە، بافڵ تاڵەبانی لەگەڵ محەممەد حەلبووسی، قەیس خەزعەلی و رەیان کلدانی کردوویەتی؛ شەممە، 11 ـی ئەم مانگە، لە کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری نوێی عێراق، رێککەوتنەکەیان جێبەجێکرد تەنانەت دوو ئەندامەکەی تورکمان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەنگیان بە نزار ئامێدی دا، ئێستا تۆپەکە کەوتووەتە گۆڕەپانی یەکێتی و دەبێت رێککەوتنەکەی بۆ رادەستکردنی پۆستی پارێزگاری کەرکووک جێبەجێ بکات.
هەروەها دوو رۆژی دوای کۆبوونەوەی پەرلەمان و هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار، لە 13ی ئەم مانگە، محەممەد سەمعان سەرۆکی بەرەی تورکمانی عێراق لە بەغدا سەردانی بافڵ تاڵەبانی کردووە و لە پەڕەی تایبەتیدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک، سەمعان وێنەی پێشوازیکردنی لەلایەن بافڵ تاڵەبانییەوە بڵاویکردووەتەوە و نووسیویەتی "گفتوگۆمان لەبارە رێکخستنەوەی پەیوەندییەکان و هەماهەنگیی نێوان هێزە نیشتمانییەکان کردەوە".
هەرچەندە پێشتر لە دوای رێککەوتن و کۆبوونەوەکەی هۆتێل رەشید لە بەغدا، کە 10ـی ئابی 2024، چوار لایەنی سیاسیی، یەکێتیی نیشتمانی کوردستان، بزووتنەوەی بابلیون بە سەرۆکایەتی رەیان کلدانی و حزبی تەقەدوم بە سەرۆکایەتی محەممەد حەلبووسی، یەکێتی رەتیدەکردەوە پۆستی پارێزگار رادەستی هیچ کەس و لایەنێک بکات، بەڵام ئەم رێککەوتنەکە کراوە و جێبەجێ دەکرێت؛ تەنانەت هەندێک پێیان وایە، یەکێتی بەم رێککەوتنە دەیەوێت پەیوەندییەکانی لەگەڵ تورکیا ئاسایی بکاتەوە.
لە دوای کۆبوونەوەکەی هۆتێل رەشیدی بەغدا، زیاتر لە ساڵێکە ئەنجوومەنەکە کۆ نەبووەتەوە، بەڵام سبەی بۆ وەرگرتنەوەی پۆستی پارێزگاری کەرکووک لە کورد کۆ دەبێتەوە.