لە رێگەی بەندەری بانیاسەوە نەوتی عێراق هەناردەی ئەوروپا دەکرێت

وێنەی کەشتی نەوتهەڵگرەکە
وێنەی کەشتی نەوتهەڵگرەکە

کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ)، ئەمڕۆ پێنجشەممە، 16ـی نیسانی 2026، رەوانەکردنی یەکەم باری نەوتی عێراقی لە بەندەری بانیاس بەکەشتی راگەیاند، ئەمەش بەمەبەستی هەناردەکردنیەتی بۆ بازاڕەکانی ئەوروپا، هاوکات جەختیشی لەسەر هەوڵەکانیان کردەوە بۆ دۆزینەوەی دەرچەی دیکە لەپێناو بەرزکردنەوەی ئاستی هەناردەی نەوتی عێراق.

عەلی نزار، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیاکە لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا گوتی: "ئەمڕۆ یەکەمین باری نەوتی رەشی عێراقی باری کەشتی کرا کە پێشتر لە پاڵاوگەی بانیاس لە سووریا بەتاڵ کرابوو، نەوتەکە لە دەریای ناوەڕاستەوە خرایە سەر کەشتییەکە بۆ ئەوەی بگاتە دەستی بەکاربەران و پاڵاوگەکانی ئەوروپا لەو ناوچەیەدا."

ئاماژەی بەوەش کرد، "ئەم هەنگاوە زۆر گرنگە بۆ کردنەوەی رێگەیەکی نوێی بەبازاڕکردن کە دەکرێت لە داهاتوودا سوودی لێ ببینرێت، هەروەها بۆ کاتی ئێستاش لەم قەیرانەدا جێگەی بایەخە."

بەڕێوەبەری گشتیی سۆمۆ جەختی لەوەش کردەوە، کۆمپانیاکەیان تەنیا لەم هەنگاوەدا ناوەستێت، بەڵکو هەوڵێکی زۆر لەلایەن کۆمپانیاکەوە دەدرێت بۆ بەرزکردنەوە و زیادکردنی ئاستی هەناردەی عێراق، سەرەڕای هەموو ئەو ئاستەنگە لۆجستی، هونەری و ئەمنییانەی کە رەنگە ببنە رێگر لەبەردەم ئەم دەستکەوتەدا.

ئەمە لەکاتێکدایە ئاژانسی هەواڵی فەرمی سووریا 'سانا' بڵاویکردەوە، کۆمپانیای نەوتی سووریا، دەستی بە بارکردنی یەکەمین کاروانی نەوتی رەشی عێراقی لە بەندەری بانیاس کرد، ئەمەش وەک ئامادەکارییەک بۆ هەناردەکردنی لە رێگەی کەشتییەکی تایبەتەوە.