ئێران بەشێک لە سنووردارکردنی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و ئینتەرنێتی لادا
دەسەڵاتدارانی ئێران دەستیان کردووە بە لابردنی بەشێک لەو سنووردارکردنە توندانەی کە خرابوونە سەر پەیوەندییە تەلەفۆنییە نێودەوڵەتییەکان و تۆڕی ئینتەرنێت، ئەوەش دوای ماوەیەک لە پچڕانی تەواوەتی بەهۆی بارودۆخی سەربازییەوە.
پێنجشەممە 16ـی نیسانی 2026 تەلەفزیۆنی فەرمیی ئێران بڵاویکردەوە، لە ئێستادا هاووڵاتیان دەتوانن لە دەرەوەی وڵاتەوە پەیوەندی بە هێڵە جێگیرەکان (تەلەفۆنی نۆرماڵ) ناو ئێرانەوە بکەن، بەڵام هێشتا پەیوەندیکردن بە مۆبایل لە دەرەوەی وڵاتەوە کار ناکات و چاوەڕوان دەکرێت لە کاتێکی تردا ئەویش ئاسایی ببێتەوە.
لەمبارەیەوە، بەکارهێنەرانی ئینتەرنێت ئاماژەیان بەوە کردووە، دەستگەیشتن بە گەڕانی ئەلیکترۆنی لە نێو براوسەری "گۆگڵ" و خزمەتگوزاری "جیمەیڵ" بۆ بەشێکی زۆر لە ناوچەکان گەڕاوەتەو، هەروەها هەندێک لە بەکارهێنەران توانیویانە دووبارە دەستیان بە خزمەتگوزارییەکانی زیرەکیی دەستکرد بگات، لەوانە پلاتفۆرمی "دێپ سیک" (DeepSeek).
ئێران لە 28ـی شوباتی رابردووەوە، هاوکات لەگەڵ دەستپێکردنی رووبەڕووبوونەوە سەربازییەکان لەگەڵ ئیسرائیل و ئەمریکا، ئینتەرنێتی بە تەواوی سنووردار کرد و پەیوەندییە تەلەفۆنییە نێودەوڵەتییەکانی پچڕاند.
ئەم هەنگاوەی ئێستا وەک سەرەتایەک بۆ ئاساییبوونەوەی هەنگاو بە هەنگاوی دۆخەکە دەبینرێت، ئەوەش دوای هێوربوونەوەی رێژەیی گرژییە مەیدانییەکان لە ناوچەکەدا.