ئەحمەد شەرع: قۆناغە گەورەکەمان لەگەڵ هەسەدە بڕیوە
سەرۆککۆماری سووریا، سەرکەوتنی قۆناغە ستراتیژییەکانی رێککەوتنی لەگەڵ هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) راگەیاند و ئاماژەی بەوە کرد، کە بنکە سەربازییە بیانییەکان لە خاکی سووریادا نەماون و وڵاتەکەی بەرەو قۆناغێکی نوێی سەقامگیری هەنگاو دەنێت.
هەینی، 17ـی نیسانی 2026، ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری سووریا، لە میانی بەشداریکردنی لە پانێڵێکی تایبەت لە چوارچێوەی "کۆڕبەندی دیپلۆماسیی ئەنتاڵیا"، نەخشەڕێگەی سیاسی و سەربازی وڵاتەکەی بۆ قۆناغی داهاتوو خستە روو.
شەرع رایگەیاند: کە سووریا لە قۆناغی گواستنەوەی قەیرانەکانەوە بەرەو بوون بە پردی پێکەوەبەستنی وڵاتە زلهێزەکان هەنگاوی ناوە.
سەبارەت بە پەیوەندییەکانی حکوومەت لەگەڵ هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)، سەرۆککۆماری سووریا ئاشکرای کرد، کە پرۆسەی تێکەڵکردنی هێزەکان بە چەند قۆناغێکدا تێپەڕیوە، کە سەرەتا لە ئاداری رابردوو و پاشان لە کانوونی یەکەمی 2025 بە چاودێریی ئەمریکا رێککەوتنی لەسەر کراوە.
گوتیشی: "ئێمە قۆناغە گەورەکەمان بڕیوە و پرۆسەکە بە باشی بەڕێوەدەچێت. ئێستا پێویستمان بە چاودێریی نێودەوڵەتی نییە و هەمووان بەرەو پاراستنی یەکپارچەیی خاکی سووریا هەنگاو دەنێین."
هاوکات، شەرع ئاماژەی بەوە کرد، کە ئێستا باکووری سووریا خاڵییە لە هەر بنکەیەکی سەربازی ئەمریکی، بەریتانی یان رووسی، ئەمەش وەک وەرچەرخانێکی مێژوویی لە سەروەری نیشتمانیدا وەسف کرد.
پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و پێگەی سووریا
سەرۆککۆماری سووریا جەختی لەسەر ستراتیژیەتی نوێی وڵاتەکەی کردەوە لە نووسینەوەی مێژوویەکی نوێ، کە تێیدا سووریا نابێتە لایەنگر لە ململانێی هێزە هەرێمییەکان.
هاوکات گوتی: "سووریا بووەتە خاڵی بەیەکگەیشتنی ئەمریکا، رووسیا و چین. سەرەڕای ئەوەی 14 ساڵ رووبەڕووی دوژمنکارییەکانی ئێران بووینەتەوە، بەڵام نەبووینە لایەنگر لە جەنگی نێوان تاران و واشنتن."
شەرع نیگەرانی خۆشی نیشان دا لەوەی هەر قەیرانێک لە ناوخۆی ئێران یان لوبنان رووبدات، کاریگەری لەسەر ناوچەکە دەبێت، هاوکات دەستخۆشی لە دۆناڵد ترهمپ کرد بۆ هەوڵەکانی لە چەسپاندنی ئاگربەست لە لوبنان.
دۆسیەی جۆلان و پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیل
لە بەشێکی تری گوتارەکەیدا، ئەحمەد شەرع جەختی لەسەر نایاساییبوونی هەر دانپێدانانێکی وڵاتان بە سەروەری ئیسرائیل بەسەر بەرزاییەکانی جۆلاندا کردەوە و رایگەیاند: کە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پشتگیری لە مافی سووریا دەکەن.
سەبارەت بە دانوستانەکان، سەرۆککۆماری سووریا گوتی: "دوای ئەوەی ئیسرائیل ئاگربەستی پێشووی پێشێل کرد، ئێستا باس لە رێککەوتنێک دەکەین کە تێیدا ئیسرائیل بگەڕێتەوە بۆ سنوورەکانی ساڵی 1974. گەر ئەمە جێبەجێ کرا، ئامادەین بچینە ناو گفتوگۆی ئاگربەستێکی درێژخایەن کە ئیسرائیل ناچار بکات بە تەواوی لە جۆلان بکشێتەوە."
هاوکات شەرع دووپاتی کردەوە، کە سووریا چیدیکە "سندوقی گواستنەوەی قەیرانەکان" نییە، بەڵکو فاکتەری سەقامگیرییە لە ناوچەکەدا.