سێنتکۆم: 10 هەزار سەربازی ئەمریکی گەمارۆی سەر بەندەرەکانی ئێران جێبەجێ دەکەن

فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) رایگەیاند، زیاتر لە 10 هەزار سەرباز لە هێزە دەریاییەکان، مارێنز و هێزی ئاسمانی ئەمریکا بەشدارن لە جێبەجێکردنی گەمارۆیەکی دەریایی توند دژی ئێران.

هەینی 17ـی نیسانی 2026، بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێکی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم)، زیاتر لە 10 هەزار سەربازی ئەمریکی بەشدارن لە جێبەجێکردنی گەمارۆی دەریایی سەر ئێران، ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەرکی ئەم هێزانە بریتییە لە رێگریکردن لە هەر کەشتییەک کە هەوڵی چوونە ناوەوە بۆ ناو بەندەرەکان و ناوچە کەناراوییەکانی ئێران بدات، یان بیەوێت لەو ناوچانەوە بەرەو دەرەوە بڕوات.

لە گرتە ڤیدیۆیی و وێنەکاندا کە لە لایەن سێنتکۆمەوە بڵاوکراونەتەوە، فڕۆکە جەنگییەکانی جۆری (F/A-18E Super Hornet) لەسەر پشتی کەشتیی فڕۆکەهەڵگری  ئەبراهام لیکۆڵن دەبینرێن، کە لە رۆژی 16ـی نیساندا لەگەڵ کەشتیی تێکشکێنەری (USS Delbert D. Black)  لە ئاوەکانی ناوچەکەدا سەرقاڵی ئەنجامدانی ئەرکەکانیان بوون.

ئەم جموجۆڵە سەربازییە و جێگیرکردنی ئەو هێزە زەبەلاحە ئاماژەیە بۆ توندترکردنی گوشارە دەریاییەکان لەسەر کۆماری ئیسلامی ئێران لە چوارچێوەی ئاڵۆزییەکانی ناوچەکەدا، هاوکات زیاتر فشار خستنە سەر ئێرانە بۆ گەڕانەوە بۆ سەر مێزی گفتوگۆ بە ئامانجی گەیشتن بە رێککەوتنێکی گشتگیر و بەرهەمدار بۆ گەڕانەوەی ئاشتی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.