رۆیتەرز: بەهۆی جەنگی ئێرانەوە؛ ئەمریکا ناردنی چەک بۆ هاوپەیمانە ئەوروپییەکانی دوادەخات

بەرپرسانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە هاوپەیمانە ئەوروپییەکانیان راگەیاندووە کە ناردنی بەشێک لەو بارە چەکانەی پێشتر گرێبەستیان لەسەر کراوە دوادەکەوێت، ئەمەش بەهۆی ئەوەی جەنگی ئێران کۆگاکانی چەک و تەقەمەنی ئەمریکای بەرەو بەتاڵبوون بردووە.

هەینی 17ـی نیسانی 2026، بەپێی راپۆرتێکی ئاژانسی رۆیتەرز، کە پشتی بە پێنج سەرچاوەی ئاگادار بەستووە، ئەم دواکەوتنانە نیشانەی کاریگەرییە قووڵەکانی جەنگی ئێرانن لەسەر توانای سەربازی ئەمریکا. ئەو جەنگەی کە لە 28ی شوباتی 2026 بە هێرشی ئاسمانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران دەستیپێکرد، بڕێکی زۆر لە چەک و تەقەمەنی ستراتیژی واشنتنی بەکارهێناوە.

سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوە کردووە، وڵاتانی ناوچەی باڵتیک و سکاندیناڤیا زۆرترین کاریگەرییان لێدەکەوێت. وەزارەتەکانی بەرگریی ئیستۆنیا و لیتوانیا رۆژی هەینی بە فەرمی بە رۆیتەرزیان راگەیاندووە کە ئەمریکا ئاگاداری کردوونەتەوە لە ئەگەری دواکەوتنی کەلوپەلە سەربازییەکانیان.

گوتەبێژێکی وەزارەتی جەنگی ئەمریکا (پێنتاگۆن) بە رۆیتەرزی گوتی: "سوپای ئەمریکا بەهێزترینە لە جیهاندا و ئێمە دڵنیایی دەدەین کە هێزەکانمان و هاوپەیمانەکانمان هەموو شتێکی پێویستیان بۆ سەرکەوتن لەبەردەست دەبێت"، بەڵام ئامادە نەبوو وردەکاری زیاتر لەسەر جۆری ئەو چەکانە بدات کە ناردنیان دواکەوتووە.

ئەم پێشهاتە بووەتە هۆی نیگەرانی و بێزاری پایتەختە ئەوروپییەکان. بەرپرسانی ئەمریکا لە گفتوگۆکانیاندا دەڵێن ئەم چەکانە بۆ شەڕی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست زۆر پێویستن و بەشێکی کەمتەرخەمییەکە دەخەنە ئەستۆی ئەوروپا، بەو پێیەی هاوکاری ئەمریکا و ئیسرائیلیان نەکردووە بۆ کردنەوەی گەرووی هورمز.

پێش دەستپێکردنی جەنگی ئێرانیش، کۆگاکانی چەکی ئەمریکا بەهۆی دابینکردنی پێداویستییەکانی جەنگی ئۆکرانیا لە 2022ـەوە و شەڕی غەززە لە کۆتایی 2023ـەوە تا رادەیەکی زۆر کەمی کردبوو. ئێستاش بەهۆی هێرشە مووشەکی و درۆنییەکانی ئێران بۆ سەر وڵاتانی کەنداو، ئەمریکا ناچار بووە بڕێکی زۆر لە مووشەکەکانی پاتریۆت PAC-3 بەکاربهێنێت، کە هەمان ئەو مووشەکانەن کە ئۆکرانیا بۆ پاراستنی ژێرخانەکەی پێویستییەتی.

بەهۆی ئەوەی بەشێک لەو وڵاتانەی ناردنی چەکەکانیان بۆ دواخراوە هاوسنوورن لەگەڵ رووسیا، زانیارییەکان لەسەر جۆر و کاتی گەیشتنی چەکەکان بە بابەتێکی هەستیاری ئەمنی و بەرگری دادەنرێت. سەرچاوەکان دەڵێن چەکە دواکەوتووەکان بڕێکی زۆر لە جۆرە جیاوازەکانی تەقەمەنی لەخۆدەگرن کە بۆ هێرشبردن و بەرگریش بەکاردەهێنرێن.