ئێران بۆ یەکێتیی ئەوروپا: خۆهەڵکێشانتان هێزتان پێ نابەخشێت
باڵیۆزخانەی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ڤیەننا، وەڵامێکی توندی لێدوان و هەڕەشەکانی کایا کاڵاس سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەوروپا دایەوە و گوتی،"ئەوروپییەکان تەنها خەریکی خۆهەڵکێشانن، ئەمەش هێزیان پێ نابەخشێت، بەڵکو خاڵی لاوازین نیشان دەدات".
شەممە 18ـی نیسانی 2026، باڵیۆزخانەی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ڤیەننا، وەڵامێکی توندی لێدوان و هەڕەشەکانی کایا کاڵاس سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەوروپای دایەوە و گوتی، پێویستە یەکێتی ئەوروپا شێوازی مامەڵەکردنی لەگەڵ تاران بگۆڕێت، چونکە ئەو جۆرە مامەڵەیەی ئێستایان تەنها خۆهەڵکێشانە و لاوازی یەکێتییەکەیان نیشانی جیهان دەدات.
باڵیۆزخانەی ئێران لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند: "ئەوەی کایا کاڵاس باس لە یاسای نێودەوڵەتی دەکات، گاڵتەجاڕییە"، ئاماژەی بەوەش کرد، ئەگەر ئەورووپا بە راستی توانایەکی کاریگەری هەبوایە، دەبوو رێگری لە شەڕی دەستدرێژیی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر خاکی ئێران بکردایە.
لە بەشێکی دیکەی وەڵامەکەدا هاتووە، خۆهەڵکێشان و هەڕەشەی بەتاڵ توانای ئەورووپا دروست ناکات، بەڵکو تەنیا خاڵە لاوازەکانیان بۆ جیهان ئاشکرا دەکات.
هاوکات، باڵیۆزخانەکە ئەورووپای بە پڵنگی کاغەز ناوبرد و گوتویەتی، کاتی ئەوە هاتووە ئەورووپا کۆتایی بە رێبازی "کۆلۆنیالیزم" بهێنێت.
لە کۆتایی بەیاننامەکەدا، ئێران راسپاردەی بۆ بەرپرسانی ئەورووپا ئەوە بوو کە بە زمانێکی پڕ لە رێز و بە رەچاوکردنی تەواوی مافەکانی گەلی ئێران لەگەڵ کۆماری ئیسلامی بدوێن، چونکە هێشتا درەنگ نییە بۆ گۆڕینی ئەو هەڵوێستانەیان.