سوپای پاسداران: 69 کەس لە سەڵتەنەتخوازەکانمان بە تۆمەتی سیخوڕی دەستگیر کرد

پەیوەندییە گشتییەکانی سوپای "کەربەلا" لە پارێزگای مازەندەرانی باکووری ئێران رایگەیاند، کە هێزەکانیان لە رێکخراوی هەواڵگریی سوپا توانیویانە 69 کەس لە گرووپە سەڵتەنەتخوازەکان بە تۆمەتی سیخوڕی و پەیوەندی لەگەڵ دەزگا هەواڵگرییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل دەستگیر بکەن.

شەممە 18ـی نیسانی 2026، بەپێی راگەیەندراوی سوپای پاسداران، ئەم کەسانە لە چوارچێوەی گرووپە سەڵتەنەتخوازەکان، کەسانی پەیوەندیدار بە ئیسرائیل، و تۆڕە میدیاییەکان کاریان کردووە. تۆمەتبار کراون بە کۆکردنەوە و ناردنی زانیاریی ورد لەسەر ناوەندە هەستیارەکانی وڵات و هەوڵدان بۆ ئەنجامدانی کاری تێکدەرانە و ئاژاوەگێڕی لە ناوخۆی پارێزگاکەدا.

هەواڵگریی سوپای پاسداران ئاشکرای کردووە کە لەم ئۆپەراسیۆنەدا دەست بەسەر کۆمەڵێک چەکی گەرم و سارد و ئامێری پەیوەندیکردندا گیراوە. هەروەها دەست بەسەر 20 ئامێری وەرگری ئینتەرنێتی مانگیدا ستارلینک گیراوە، کە بە گوتەی سوپا بۆ گواستنەوەی زانیاری بۆ دەزگا هەواڵگرییەکانی دوژمن و کەناڵی "ئێران ئینتەرناشناڵ" بەکارهێنراون.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە کە ئەم تۆڕە لە سەرەتای جەنگی 12 رۆژەیەی کە ئێران بە "جەنگی سەپێنراو" ناوی دەبات، تاوەکوو ساتی دەستگیرکردنیان، بەردەوام زانیاری و وێنەی ناوچە و کەسایەتییە جیاوازەکانیان بۆ دەرەوەی وڵات ناردووە.

ئەم دەستگیرکردنە فراوانە لە کاتێکدایە کە ئێران لە رووی ناوخۆییەوە لە دۆخێکی ئەمنیی تونددایە و فشارە نێودەوڵەتییەکان و گەمارۆ دەریاییەکانی ئەمریکا بۆ سەر ئەو وڵاتە گەیشتوونەتە لووتکە.