ئەکسیۆس: ترەمپ لە ژووری ئۆپەراسیۆنەکان لەگەڵ تیمی باڵای جەنگ کۆبووەوە

سەرچاوە باڵاکانی واشنتن رایگەیاند، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، بەیانی ئەمڕۆ کۆبوونەوەیەکی نائاسایی لەگەڵ تیمی باڵای جەنگ لە ژووری ئۆپەراسیۆنەکانی کۆشکی سپی ئەنجام داوە. ئەم کۆبوونەوەیە کە باڵاترین بەرپرسانی سەربازی و هەواڵگری تێیدا بەشدار بوون، بۆ تاوتوێکردنی قەیرانی لەناکاوی گەرووی هورمز و چارەنووسی دانوستانە ئەتۆمییەکان بووە

شەممە 18ـی نیسانی 2026، ماڵپەڕی ئەکسیۆسی ئەمریکی لە زاری دوو بەرپرسی باڵای واشنتنەوە ئاشکرای کرد، بەیانی ئەمڕۆ شەممە 18ی نیسانی 2026، سەرۆک دۆناڵد ترەمپ کۆبوونەوەیەکی نائاسایی و بەپەلەی لە "ژووری بارودۆخە نائاساییەکان" لە کۆشکی سپی ئەنجامداوە، بۆ تاوتوێکردنی قەیرانی نوێی گەرووی هورمز و داهاتووی دانوستانەکان لەگەڵ ئێران.

ئەم کۆبوونەوەیە لە کاتێکدایە کە تەنیا 3 رۆژ بۆ کۆتاییهاتنی وادەی ئاگربەست ماوە؛ ئەکسیۆس ئاماژەی بەوە کردووە تێکچوونەوەی دۆخی گەرووی هورمز و هێرشەکانی ئێران بۆ سەر کەشتییەکان، تەنیا 24 کاتژمێر دوای گەشبینییەکانی ترەمپ دێت کە گوتبووی "رێککەوتن نزیکە". بەرپرسێکی ئەمریکی هۆشداری داوە: "ئەگەر لەم چەند کاتژمێرەدا پێشکەوتنێکی خێرا روونە دات، جەنگ دەستپێدەکاتەوە."

بەپێی زانیارییەکانی ئەکسیۆس، کۆبوونەوەکە باڵاترین بەرپرسانی ئیدارەی ترەمپی تێدا بووە کە بڕیار لەسەر جەنگ و ئاشتی دەدەن، ئەوانیش بریتین لە، جەی دی ڤانس جێگری سەرۆک و سەرۆکی شاندی دانوستانکار، مارکۆ روبیۆ وەزیری دەرەوە، پیت هێگسێت وەزیری جەنگ، سکۆت بێسێنت وەزیری گەنجینە، جۆن راتکلیف بەڕێوەبەری CIA، دان کەین سوپاسالاری ئەمریکا، سوزی وایڵز سەرۆکی دیوانی کۆشکی سپی و ستیڤ ویتکۆف نێردەی تایبەت سەرۆکی ئەمریکا

سەرچاوەیەک کە ئاگاداری وردەکاریی دانوستانەکانە بە ئەکسیۆسی راگەیاندووە، کە قەیرانی هورمز رێک لەو کاتەدا سەریهەڵداوە کە لایەنەکان لەسەر خاڵە جێناکۆکەکانی پەیوەست بە یۆرانیۆمی پیتێنراو نزیک ببوونەوە. ترەمپ لە ناو ئۆفیسەکەی بە رۆژنامەنووسانی گوت: "ئێرانییەکان ویستیان کەمێک زیرەکانە یاری بکەن و گەرووەکە دابخەنەوە، بەڵام ئەوان ناتوانن خاوە لە ئێمە وەربگرن.

ترەمپ جەختی کردووەتەوە کە ئەمریکا هێشتا لە گفتوگۆدایە لەگەڵ ئێران و رایگەیاندووە: "تاوەکو کۆتایی ئەمڕۆ دەزانم ئایا دەتوانین بەرەو رێککەوتن هەنگاو بنێین یان نا."

ئەم کۆبوونەوە چڕەی ژووری ئۆپەراسیۆنەکان نیشانەی ئەوەیە کە واشنتن ئامادەکاری بۆ هەردوو بژاردەکە دەکات؛ یان واژۆکردنی رێککەوتنی ئاشتی لە پاکستان، یان دەستپێکردنەوەی بوردومانەکان بۆ سەر ئێران لەگەڵ کۆتاییهاتنی وادەی ئاگربەستەکە.