ئیسرائیل بۆ تاوتوێکردنی دۆخی گەرووی هورمز و لوبنان کۆدەبێتەوە

میدیاکانی ئیسرائیل بڵاویانکردەوە، حکوومەتی ئیسرائیل کۆبوونەوەیەک بۆ تاوتوێکردنی پەرەسەندنەکانی قەیرانی گەرووی هورمز و پرسی ئاگربەست لە لوبنان ساز دەکات، ئەم کۆبوونەوەیە هاوکاتە لەگەڵ فراوانبوونی کۆنترۆڵی سوپای ئیسرائیل لە ناوچەکانی باشووری لوبنان.

یەکشەممە 19ـی نیسانی 2026، رادیۆی ئیسرائیل ئاماژەی بەوە کردووە، ئەم کۆبوونەوەیەی حکوومەتی ئیسرائیل  تەرخان دەکرێت بۆ باسوخواسی لێکەوتەکانی گرژیی لە گەرووی هورمز و کاریگەرییەکانی لەسەر دۆخی ناوچەکە، لەگەڵ هەڵسەنگاندنی بەڕێوەچوونی پرۆسەی ئاگربەست لە لوبنان.

لە لایەکی دیکەوە، کەناڵی 12ـی ئیسرائیلی لە زاری سەرچاوە ئاگادارەکانەوە گواستییەوە: "سوپای ئیسرائیل لە ئێستادا کۆنترۆڵی نزیکەی سێیەکی ئەو رووبەرەی کردووە کە دەکەوێتە نێوان سنوورەکان و رووباری لیتانی".

هەروەها رۆژنامەی "مەعاریف"ـی عیبری بڵاویکردەوە، سوپای ئیسرائیل و سوپای ئەمریکا  ئامانجەکانیان نوێ کردووەتەوە، کە تیایدا جەختێکی تایبەت کراوەتەوە سەر دامەزراوەکانی وزەی ئێران، ئەمەش وەک ئامادەکارییەک بۆ ئەگەری هەرەسھێنانی لەناکاوی ئاگربەست لەگەڵ تاران.

ئەم پەرەسەندنانە دوای ئەوە دێن، بەرەبەیانی 8ـی نیسان، واشنتن و تاران بە نێوەندگیریی پاکستان رێککەوتنیان لەسەر ئاگربەستێکی دوو هەفتەیی راگەیاند، ئەمەش وەک سەرەتایەک بۆ دانوستانە فراوانەکان بە مەبەستی کۆتاییهێنان بەو جەنگەی کە لە 28ـی شوباتی رابردووەوە لە نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران دەستی پێکردووە.