ئێران: سیستەمێکی نوێ بەسەر گەرووی هورمزدا دەسەپێنین

تاران لە رێگەی چەند بەرپرسێکی باڵاوە رایگەیاند، سیستەمێکی نوێ حووکمی گەرووی هورمز دەکات و جەختیان کردەوە، سەردەمی سەپاندنی ئاسایش لەلایەن هێزە بیانییەکانەوە کۆتایی هاتووە.

یەکشەممە 19ـی نیسانی 2026، عەلی ئەکبەر ویلایەتی، راوێژکاری رێبەری باڵای ئێران لە لێدوانێکدا کە میدیاکانی وڵاتەکە بڵاویانکردووەتەوە، رایگەیاند: "سەردەمی سەپاندنی ئاسایش لە ئەودیوی زەریاکانەوە بەسەرچوو".

هاوکات ئاژانسی "ئیرنا" لە زاری بەرپرسێکی نووسینگەی سەرۆک کۆماری ئێرانەوە بڵاویکردەوە: "سیستەمێکی نوێ حووکمی گەرووی هورمز دەکات و پێویست بوو ئەو وڵاتانەی نیگەرانن پێشتر درک بەم راستییە بکەن".

لەلایەکی دیکەوە، هێزی جەو-فەزای سوپای پاسدارانی ئێران ئاماژەی بەوە کرد، کە خێرایی نوێکردنەوە و ئامادەکردنەوەی سەکۆکانی هەڵدانی مووشەک و فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان زۆر زیاترە لەوەی پێش هەڵگیرسانی جەنگ هەبووە.

ئەم لێدوانانە هاوکاتن لەگەڵ راگەیاندراوی گوتەبێژی سەربازیی بارەگای "خاتەمولئەنبیا" کە رۆژی شەممە 18ـی نیسان رایگەیاندبوو: گەرووی هورمز هاوشێوەی کاتی ململانێ سەربازییەکانی ئەم دواییەی ناوچەکە دادەخرێتەوە.

جەختی لەوەشکردەوە، گەرووەکە لەژێر بەڕێوەبردن و چاودێری توندی هێزە چەکدارەکانی ئێراندا دەمێنێتەوە، ئاماژەی بەوەش کرد، بەردەوامیی ئەم دۆخە بەندە بە پابەندنەبوونی ئەمریکا بە گەرەنتی کردنی ئازادیی هاتوچۆی کەشتییەکان بۆ ناوەوە و دەرەوەی ئێران.