ئەکسیۆس: بێمتمانەیییەکی قووڵ واشنتن و تارانی گرتووەتەوە

ماڵپەڕی ئەکسیۆسی ئەمریکی لە راپۆرتێکدا ئاشکرای کرد، بێمتمانەییەکی قووڵ واشنتن و تارانی گرتووەتەوە؛ لە کاتێکدا دۆناڵد ترەمپ باس لە نزیکبوونەوەی رێککەوتنی کۆتایی دەکات، ئێرانییەکان ترسیان هەیە ئەوە تەنیا پەردەیەک بێت بۆ هێرشێکی سەربازیی کتوپڕ.

یەکشەممە 19ـی نیسانی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا بە ئەکسیۆسی راگەیاندووە، ئەو هێشتا گەشبینە بە گەیشتن بە رێککەوتن لە گەڕی داهاتووی دانوستانەکاندا. گوتیشی: "هەستێکی زۆر باشم هەیە. چوارچێوە و تێگەیشتنی گشتیی رێککەوتنەکە تەواو بووە، پێموایە هەلێکی زۆر باشمان لەبەردەستە بۆ کۆتاییپێهێنانی ئەم دۆخە.

بەپێی ئەکسیۆس، لایەنی ئێرانی پێچەوانەی ترەمپ بیر دەکەنەوە. بەرپرسانی تاران پێیان وایە ئەم لێدوانە گەشبینانەی ترەمپ تەنیا "تەڵەکەبازی و فێڵێکی سیاسییە" بۆ شاردنەوەی هێرشێکی سەربازیی کتوپڕی ئەمریکا بۆ سەر وڵاتەکەیان، پێش ئەوەی وادەی ئاگربەستەکە شەوی سێشەممە کۆتایی بێت.

هەروەها ئاماژە بەوە کراوە کە تاوەکوو ئێوارەی یەکشەممە، ئێران بە فەرمی ناردنی شاندی دانوستانکاری بۆ ئیسلام ئاباد پشتڕاست نەکردووەتەوە و هەوڵ دەدەن ئاستی چاوەڕوانییەکان دابەزێنن.

ئەکسیۆس جەخت دەکاتەوە کە چەند نیشانەیەک هەن کە دەیسەلمێنن ترسی ئێرانییەکان بێ بنەما نییە، لەوانە، کۆبوونەوەی ژووری بارودۆخە نائاساییەکان ئەو کۆبوونەوە ئەمنییە هەستیارەی ترەمپ ئەمڕۆ یەکشەممە لە کۆشکی سپی ئەنجامیدا، بەردەوامیی رەوانەکردنی هێزی سەربازی و کەرەستەی قورس لەلایەن سوپای ئەمریکاوە بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

هاوکات تاوەکوو ئێستا بە فەرمی رانەگەیەندراوە کەی جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆک، بەرەو پاکستان بەڕێ دەکەوێت یان نە.

ئەمەش لە کاتێکدایە، هەر ئەمڕۆ، ترەمپ رایگەیاند، شاندی وڵاتەکەتی کە پێکهاتوون لە ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەت و جەرید کوشنەر، زاوا و راوێژکارەکەی سبەی ئێوارە بە کاتی ئەمریکا بە مەبەستی ئەنجامدانی گەڕی دووەمی دانوستانەکان دەڕۆنە ئیسلام ئاباد، هاوکات لە نێو میدیاکانی ئەمریکا گومانێکی زۆر لە بەشدارییکردنی جەی دی ڤانس، لە دانوستانەکان هەیە، هەروەها تاوەکوو ئێستا ئێران بە فەرمی بەشدارییکردنی شاندی وڵاتەکەی لە دانوستانەکان پشڕاست نە کردووەتەوە.