شەهباز شەریف و پزیشکیان داهاتووی پرۆسەی ئاشتی و دانوستانەکانیان تاوتوێ کرد

سەرۆکوەزیرانی پاکستان لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی لەگەڵ سەرۆککۆماری ئێران، پەیامی وڵاتانی ناوچەکەی گەیاندە تاران. ئەم جووڵە دیپلۆماسییە لە کاتێکی هەستیاردایە کە پاکستان دەیەوێت گرێکوێرەی گەمارۆ دەریاییەکەی ئەمریکا و دوودڵییەکانی تاران بکاتەوە، تاوەکو رێگەی واژۆکردنی رێککەوتنی کۆتایی لە ئیسلام ئاباد خۆش بکات.

یەکشەممە 19ی نیسانی 2026، شەهباز شەریف، سەرۆکوەزیرانی پاکستان، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) رایگەیاند، پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی "گەرم و بنیاتنەر"ی لەگەڵ مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران ئەنجامداوە، بە مەبەستی تاوتوێکردنی پێشهاتە خێراکانی ناوچەکە و داهاتووی دانوستانەکانی ئاشتی.

سەرۆک وەزیرانی پاکستان دەستپێشخەرییەکانی ئێرانی بۆ بەشداری لە پرۆسەی ئاشتیدا بەرز نرخاند، بەتایبەت ناردنی شاندێکی ئاستبەرز بۆ ئیسلام ئاباد بە مەبەستی ئەنجامدانی گفتوگۆ مێژووییەکان؛ ئاماژەی بە گرنگیی کۆبوونەوەکانی ئەم دواییەی عاسم مونیر، فەرماندەی سوپای پاکستان، لە تاران کرد.

شەهباز شەریف ئاشکرای کرد، لە پەیوەندییەکەدا، ناوەرۆکی گفتوگۆکانی خۆی لەگەڵ سەرکردەکانی سعوودیە، قەتەر و تورکیا بۆ مەسعود پزیشکیان روون کردووەتەوە. ئەمەش نیشانەی ئەوەیە کە پاکستان وەک پردێکی پەیوەندی کار دەکات بۆ گەیاندنی تێڕوانینی وڵاتانی ناوچەکە بە تاران سەبارەت بە کۆتاییهێنان بە جەنگ.

شەهباز شەریف دڵنیایی دایە سەرۆک کۆماری ئێران کە وڵاتەکەی بە پشتیوانیی هاوبەش و هاوپەیمانەکانی، پابەندە بە رۆڵی خۆی وەک نێوەندگیرێکی راستگۆ و دڵسۆز بۆ چەسپاندنی ئاشتی و سەقامگیریی هەمیشەیی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.

ئەم پەیوەندییە تەلەفۆنییە دوای ئەوە دێت کە تاران دوودڵیی خۆی نیشاندابوو بۆ ناردنی شاند بۆ ئیسلام ئاباد بەهۆی بەردەوامیی گەمارۆی دەریایی ئەمریکا. لێدوانەکەی شەهباز شەریف ئاماژەیەکی ئەرێنییە بۆ ئەوەی کە پاکستان توانیویەتی قەناعەت بە لایەنی ئێرانی بهێنێت بۆ بەردەوامیی دانوستانەکان و گەیشتن بە رێککەوتن لە چەند رۆژی داهاتوودا.