کاتژمێر سفر لەنێوان جەنگێکی خوێناویتر و رێککەوتنێکی هەمیشەیی

لە کاتێکدا تەنیا دوو رۆژ بۆ دەستپێکردنەوەی گەڕێکی نوێی دانوستانە هەستیارەکانی ئیسلامئاباد لە نێوان ئەمریکا و ئێران ماوە؛ بەڵام واشنتن هەژموونی هێزە سەربازییەکانی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ ئاستێکی پێشبینی نەکراو زیاد کردووە.

بەگوێرەی راپۆرتێکی رۆژنامەی واشنتن پۆست، هەرچەندە هێشتا وادەی ئاگربەستی کاتی کۆتایی نەهاتووە، بەڵام وەزارەتی جەنگیی ئەمریکا بڕیاریداوە 10 سەربازی دیکە ڕەوانەی ناوچەکە بکات. ئەم جووڵەیە وەک پەیامێکی "توند" و ستراتیژیی ئیدارەی ترەمپ دەخوێندرێتەوە بۆ جڵەوگرتنی تاران و ناچارکردنی بە قبووڵکردنی مەرجەکانی رێککەوتنێکی کۆتایی و دێژخایەن، ئەگەرنا جەنگێکی توندتر و خوێناویتر لەبەردەم تاران دەبێت.

راپۆرتی رۆژنامە ئەمریکییەکە، سەرنج دەخاتە سەر ئەوەی کە رەوانەکردنی ئەم 10 هەزار سەربازە نوێیە لە کاتێکدایە کە ناوچەکە لە ئاگربەستدایە، ئەمەش نیشانەی ئەوەیە کە ئیدارەی ترەمپ متمانەی بە بەڵێنەکانی تاران نییە؛ پێشتریش براد کووپەر، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) رایگەیاندووە، ئێستا 50 هەزار سەربازی ئەمریکی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بڵاوەیان پێکراوە، بەمەش کۆی گشتیی سەربازانی ئەمریکا لە ناوچەکە بۆ نزیکەی 60 سەرباز بەرز دەبێتەوە.

وەک واشنتن پۆست ئاماژەی پێکردووە، ئامانجی سەرەکی لەم هێزە زۆرە، چەسپاندنی گەمارۆیەکی ئاسنینە کە رێگە لە هەر جۆرە ئاڵوگۆڕێکی بازرگانیی ئێران دەگرێت و ئامانجی ئەمریکاش وشکردنی تەواوی سەرچاوەکانی داهاتی دەرەکیی تارانە.

ئەم هێزە زەبەلاحەی ئەمریکا لەلایەن پێشکەوتووترین کەشتییە فڕۆکەهەڵگرەکانی جیهانەوە پشتیوانی دەکرێن. جگە لە "یو ئێس ئێس ئەبراهام لینکۆڵن" کە ئێستا لە دەریای عەرەب نزیک و لە ئێران نزیکتر بووەتەوە، بڕیاری گەڕانەوەی "یو ئێس ئێس جێرالد فۆرد" و یو ئێس ئێس جۆرج ئیچ دەبڵیو بووش" دراوە بۆ دەریای عەرەب.

سێنتکۆم جەخت دەکاتەوە، زیاتر لە 100 فڕۆکەی جەنگیی، لە نێویاندا F-35C و F-18 بەردەوام بەسەر کەناراوەکانی ئێراندا دەفڕن بۆ تاقیکردنەوەی ئیرادەی سوپای پاسداران.

ئەم هەڵمەتە سەربازییە توندە هاوکاتە لەگەڵ ئامادەکارییەکان بۆ دانوستانەکانی رۆژی سێشەممە لە پاکستان. شاندی ئەمریکا بە سەرکردایەتی جەی دی ڤانس، جەرید کوشنەر و ستیڤ ویتکۆف، دەیانەوێت تاران ناچار بکەن یۆرانیۆمە پیتێنراوەکەی رادەست بکات.

وەک ئەوەی بەرپرسانی واشنتن باسی دەکەن، ئەمە دوا هەوڵ و دەرفەرتە، لە ترۆپکی دەسەڵاتی ئەمریکادا، ترەمپ لە تازەترین پەیامیدا، هۆشداریی توندی بە تاران داوە و دەڵێت "ئەمە دوایین دەرفەتە، یان رێککەوتنی 'بێ پارە' یان وێرانکردنی تەواوی ژێرخانی وزەی ئێران."

لە 28ی شوباتەوە هێرشە هاوبەشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران بە چڕی دەستیان پێکرد، دوای جەنگێکی 40 رۆژە، لە 8ـی نیسانی 2026 بە نێوەندگیری پاکستان، ئاگربەستێکی کاتی لەنێوان ئەمریکا و ئێران راگەیەندرا، بەڵام ئەمریکا لە چوارچێوەی جەنگێکی سارددا، لە 11ـی ئەم مانگە گەمارۆی دەریایی بەسەر بەندەکانی ئێراندا سەپاند وەک فشارێک بۆ کردنەوەی گەرووی هورمز لەبەردەم بازرگانی و جووڵەی دەریایی، بەڵام کۆتایی هێوردبوونەوە و بێدەنگی چەکەکان هێندەیان نەماوە و چوارشەممە 22ـی نیسان وادەیە بۆ کۆتاییهاتنی ئاگربەستی کاتی.

ئەمریکا فەرمانی بە هێزەکانی داوە هەر کەشتییەکی ئێرانی لە هەر شوێنێکی جیهان بێت وەک نێچیر دەبێت راو بکەن و دەستیان بەسەردا بگرن، ئەمەش وایکردووە هێزەکانی هەردوو وڵات دەستیان لەسەر پەلاپیتکە بێت، چارەنووسی ناوچەکەش لەبەردەم ئاقارێکی نادیارە.

شارەزایانی سەربازی پێیان وایە، ئیدارەی ترەمپ دەیەوێت بەم هەنگاوە نیشانی تاران بدات، ئەگەر لە دوو رۆژی داهاتوودا لە دانوستانەکان نەگەنە ئەنجام و ئاگربەست کۆتایی بێت؛ ئەوا چوارشەممە ئەمریکا ئۆپەراسیۆنێکی وێرانکەر دەستپێدەکات.