نرخی نەوت دابەزینێکی دیکەی بەخۆوە بینی
دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ بڕیاری درێژکردنەوەی ئاگربەست و جەختی لە بەردەوامیی گەمارۆی سەر گەرووی هورمز کردەوە، نرخی نەوت بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزی و دۆخێکی تەمومژاوی لە بازاڕە جیهانییەکاندا دروستبوو.
دوای ئەوەی تەنیا چەند کاتژمێرێک لە کاتی ئاگربەستە دوو هەفتەییەکە مابوو، دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند کە لەسەر داوای وڵاتی پاکستان و بۆ رەخساندنی دەرفەت بۆ سەرکردایەتی ئێران تاوەکو پێشنیازەکانیان ئامادە بکەن، کاتی ئاگربەستەکەی درێژ کردووەتەوە. ترەمپ لە تروس سۆشاڵ نووسیویەتی: "فەرمانم بە سوپا کردووە بەردەوام بن لە گەمارۆدان و لە هەموو روویەکەوە لە ئامادەباشیدا بن، ئاگربەستیش درێژ دەکەینەوە تا ئەو کاتەی تاران پێشنیازەکانی پێشکەش دەکات."
سەرەڕای درێژکردنەوەی ئاگربەستەکە، بەڵام بەردەوامیی رێگریکردن لە کەشتییەکانی ئێران لە گەرووی هورمز، کە رێڕەوی پێنجیەکی نەوتی جیهانە، وایکردووە بازرگانان بە وریاییەوە مامەڵە بکەن. لە بازاڕەکانی وزەدا، نرخی نەوتی برێنت بۆ 98.29 دۆلار دابەزی و نەوتی تێکساسیش گەیشتە 89.22 دۆلار.
لەلایەکی دیکەوە، چارەنووسی گفتوگۆکانی ئاشتی لە ئیسلام ئاباد نادیارە؛ تاران رایگەیاندووە بەهۆی داواکارییە "ناژیرانەکانی ئەمریکا" بەشداری کۆبوونەوەکان ناکات. هاوکات بڕیار بوو جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا گەشت بکات بۆ ئیسلام ئاباد، بەڵام بەرپرسانی کۆشکی سپی دەڵێن گەشتەکەی دواخراوە تا ئەو کاتەی پێشنیازەکەی ئێران دەگاتە دەستیان.
لەگەڵ ئەم ئاڵۆزییانە، ئامارەکان لە بەریتانیا نیشانی دەدەن کە رێژەی هەڵاوسان بۆ 3.3% بەرزبووەتەوە، ئەوەش بەهۆی کاریگەرییەکانی جەنگی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەسەر نرخی وزە. وەبەرهێنەران ئێستا چاوەڕێی هەنگاوەکانی داهاتووی هەردوو لایەن دەکەن بۆ کۆتاییهێنان بەو ململانێیەی کە ماوەی حەوت هەفتەیە کاریگەری نەرێنی لەسەر ئابووری جیهان دروست کردووە.